نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرانسە کۆبوونەوەیەکی بۆ سکرتێری گشتیی حیزب پێکهێنا. لەو کۆبوونەوەیەدا سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پێی لەسەر ئەوە داگرت کە یەکگرتنەوەی دێموکڕاتەکان پێویستەو بێ ئەو یەکبوونەوەیە کاری گەورەو یەک لەوان پێکهاتنی بەرەیەکی کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناکرێ.
ئێوارەی رۆژی هەینی، ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی (٢٥ مارسی٢٠١٦) نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرانسە، کۆبوونەوەیەکی بۆ کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهێنا. لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیو چالاکانی سیاسیی هەر چوار پارچەی کوردستان گیرا، کاک خالید عەزیزی وتارێکی پێشکەش کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا دارا ئەبوبەکر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرانسە باسی لە گرینگیدانی نوێنەرایەتیەکەیان بەم کۆرو کۆبونەوانەو لێک نیزێککردنەوەی هێزو لایەنە کوردستانییەکانی کرد.
کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیش لە قسەکانیدا
تیشکی خستە سەر هەلومەرجی سیاسیی رۆژهەڵاتی نێوەراستو مەسەلەی کورد بە گشتیو رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتیو رۆڵی ئێران لەم کێشانەدا. هەروەها شیکردنەوەیەکی وردی لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیو دواتر هێزە سیاسییە کوردییەکان پێشکەش کردو گرنگیی یەکگرتووییو هاوپێووەندیی حیزبە کوردییەکان و بە تایبەت یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکراتی لە روانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە شی کردەوە.
لە پێوەندیی لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستاندا کاک خالید تەئکیدی لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی هێزە سیاسییە کوردییەکان لە هەرکام لە پارچەکانی کوردستان بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا کاک خالید تیشکی خستە سەر روانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر گرتنەبەری هەموو شێوازەکانی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردو لەم چوارچێوەیەدا خەباتی مەدەنیو پشتگیری کردنی چالاکانی مەدەنیی بە گرینگ هەڵسەنگاندو رایگەیاند کە پێویستە بە ئەزموونوەرگرتن لەو شێوازانەی کە لە سیو چەند ساڵی رابردوودا تاقیکراونەتەوە، بیر لە شێوازی گونجاو بۆ ئەم سەردەمە بکرێتەوەو، خەڵک هانبدرێ بەرامبەر بە مەسەلە جۆراوجۆرەکانی دەورەبەریان کەمتەرخەمو بێ تەوفاوت نەبنو هەوڵ بدەن تەنانەت لە بچووکترین دەرفەتەکانیش بۆ بەرەوپێش بردنی خەباتو بەرزکردنەوەی ئاستی فەرهەنگی سیاسیو خەباتکارانەی خۆیان کەلک وەرگرن.
دوابەدوای قسەکانی کاک خالید عەزیزی، بەشدارانی کۆبوونەوەکە پرسیارو تێبینییەکانی خۆیان لەپێوەندی لەگەڵ بابەتە باسکراوەکاندا خستەڕوو کە کاک خالید بە وردی وڵامی پرسیار و تێبینییەکانی دایەوە.
دەقی ووتەکانی بەرێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات …
دەقی ووتەکانی بەرێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەرانسە.
Publicerat av حیزبی دێموکراتی کوردستان KDP den 25 mars 2016