هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا گورزێکی توند و کاریگەریان لە مۆڵگە و بنکەکانی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “ئەلعەرەبییە”، ڕۆژی یەكشەممە، ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پاڵپشتی لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن و خەڵکی مەدەنیی ئەو وڵاتە، لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا، ٣٨ ئۆپەراسیۆنیان بەدژی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن لە چەندین ناوچەی جیاوازی یەمەندا ئەنجام داوە و گورزێکی کارا و کاریگەریان لە مۆڵگە و بنکەکانی ئەو گرووپە میلیشیایییە وەشاندووە.
لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کە ڕۆژی شەممە دەستی پێکردووە، هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی زیاتر لە ٢٣ ماشێنی زرێهی و سەربازیی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان تێکشکاندووە و زیاتر لە ٢٢٠ کەسیش لە یەکەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەو گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژراون.
شایانی باسە کە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بەردەوام لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە سەرجەم چەکوچۆڵە قورس و نیمەقورس و سووکەکان تەیار دەکرێن و ڕێژیمی ئێران بۆ ئاژاوەگێری لە ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش، هەروەها بۆ پێکانی ئامانجەکانی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، پاڵپشتیی ماڵی لەو گرووپە دەکات.