میخائیل ئولیانۆف، نوێنەری ڕووسیە لە وتووێژەکانی ڤییەن، ڕایگەیاندووە کە ئامانجی تیمی دانوستانکاری ڕێژیمی ئێران لەو وتووێژانە، تەنیا کات بەفیڕۆدانە.
ڕۆژی یەكشەممە، ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، میخائیل ئولیانۆف، نوێنەری ڕووسیە لە وتووێژەکانی ڤییەن، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی “ئێرانئینترناشناڵ” ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژەکانی ڤییەن تەنیا کات بەفیڕۆدانە و تیمی دانوستانکاری ئێرانی تەنیا بۆ کات بەفیڕۆدان لەو وتووێژانەدا بەشداری دەکەن.
ئولیانۆف لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە: “تیمی دانوستانکاری ئێران و ئێرانییەکان هەر لە سەرەتاوە تووشی کۆمەڵێک هەڵە بوون و هیچ جیددیبوونێکیان پێوە دیار نەبووە، قسەگەلێکیان دەکرد کە لە ئاستێکی زۆر نزمدا بوون و ئێمە هیچ شتێکمان لەوان نەبیستووە کە هیوایەکی پێوە دیار بێت یان هیوای بەرەو باشترچوونی پێوە دیار بێت”.
ناوبراو لە بەشیکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە وتووێژەکان لەسەر بنەمای وتووێژە ڕاگیراوەکانی مانگی پووشپەڕی ڕابردووە دەستی پێ کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە؛ تیمی دانوستانکاری ڕێژیمی ئێران وتووێژەکانی ڕابردوو و ئەو باسانەی کە لە ڕابردوودا کراون، قەبووڵ ناکات و ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێڕان ئامانجی لەو وتووێژانە، تەنیا کات بەفیڕۆدانە.
پێشتریش کاربەدەستانی ئیسرائیل زۆر جار ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران ئامانجی لە وتووێژەکانی ڤییەن تەنیا کات بەفێرۆدان و سەرقاڵکردنی کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتییە بۆ دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکیی و پێکانی ئامانجەکانی تری خۆی؛ هەروەها کۆمەڵێک لە بەرپرسان و سێناتۆر و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکاش جەختیان لەسەر ئەو قسانەی بەرپرسانی ئیسرائیل کردووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە؛ ئێمە دڵنیایی دەدەین بە ڕێژیمی ئێران کە قەت ناهێڵین بە ئامانجەکانی خۆی و بەتایبەت دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگات.