جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە بڵاوکراوەی “دێ هێل” نووسی، تەنیا ڕێگا بۆ پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکیی، گۆڕینی ڕێژیمی ئێران و کردەوەی سەربازی بۆ نەهێشتنی مەترسیی بەرنامەی ناوکیی ئێرانە.
ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە لە بەرامبەر زێدەخوازییەکانی کۆماری ئیسلامیدا هەوڵەکانی بایدێن بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی ناسراو بە بەرجام خەریکە شکست دەخوا و هەروەها نووسی کە ئێرانێک کە ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی، دەبێتە مەترسی بۆسەر هەموو جیهان و ناوچەکە و تەنیا ڕێگاش بۆ پێشگرتن بەو سەرەڕۆییانەی تاران، گۆڕانی ئەو ڕێژیمە و کردەوەی سەربازی بە مەبەستی نەهێشتنی مەترسیی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانە؛ هەر بۆیە ئەمریکا دەبێ ئێستا بڕیار بدات کە چ کەسێک لەو ململانێیەدا براوە دەبێ و ئێستا نۆرەی ئێوەیە.
ئەو سیاسەتمەدارەی ئەمریکا ڕوو بە بایدێن وتی: بۆچی ئەمریکا تا ئێستا نەیتوانیوە پێش بە بەرنامەی ناوکیی ئێران بگرێ و بە سەرنجدان بە بەفیڕۆدانی کات، ئەمریکا چۆن دەتوانێ پێش بەو شکستانە بگرێ و ئەوەشی زیاد کرد کە هەڵەی سەرەکی، هاتنەدەرەوەی ترامپ لەو ڕێککەوتنەدا نەبوو، بەڵکوو لە خودی ڕێککەوتنی بەرجامدا بوو کە دەرفەت بە ڕێژیمی ئێران درا کە پیتاندنی ئۆرانیۆم درێژە پێبدات، لە کاتێکدا کە لە ٧ بڕیارنامەدا، شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ساڵی ٢٠١٠ خوازیاری ڕاگرتنی یەکجاری پێتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بوو.