کاسبکارێکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی “قادر باز” لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو شارە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم تەقەی لێ کراوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، “قادر باز” کاسبکاری خەڵکی پیرانشار کە بۆ کاری جەڵەب ڕووی کردبووە ناوچە سنوورییەکانی ئەو شارە، لەلایەن هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ڕاستەوخۆ تەقەی لێ کراوە و هەر بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.
هەروەها لە ئاکامی تەقەکردنی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوو کاسبکاری دیکەش بە ناوەکانی “عەلی کۆسە” خەڵکی پیرانشار و “حوسێن بڕنووس” خەڵکی گوندی “شیوەمێر”ـی سەر بە پیرانشار، بە سەختی بریندار بوونە و لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچەیەوە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی پیرانشار و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.