هاوکات لەگەڵ دەوری هەشتەمی دانوستانەکانی بووژانەوەی بەرجام لە ڤییەن، کۆماری ئیسلامی لە یەکێک لە مۆڵگەکانی لە پارێزگای سمنان ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکا کە ماهوارەیەک بۆ بۆشایی ئاسمان ڕەوانە بکات.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، هەواڵدەریی “ئاسوشێیتێد پرێس” بڵاوی کردەوە کە، کۆمپانیای ماهوارەی “پلێنت لێبز” وێنەی مۆڵگەیەکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پاریزگای سمنان بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا ئامێرەکانی ناردنی ماهوارە بۆ بۆشایی ئاسمانی دەرکەوتووە و پشتڕاستی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکا کە ماهوارەیەک بۆ بۆشایی ئاسمان ڕەوانە بکا و ئەوەش لە کاتێکدایە کە دەوری هەشتەمی دانوستانەکانی بەرجام بڕیارە دەست پێبکاتەوە.
ڕێژیمی ئێران لە ساڵەکانی ڕابردوودا چەندین هەوڵی لەو شێوەیەی پووچەڵ بووەتەوە و ڕەخنەگرانی ئەو ڕێژیمەش پێیان وایە کە ناردنی ماهوارە بۆ بۆشایی ئاسمان لەلایەن ئێرانەوە هەنگاوێکە بۆ ئەوەی کە لە بەرەبەری دەوری هەشتەمی دانوستانەکانی ڤییەندا ئاڵۆزی دروست بکا و شکستی دانوستانەکان بخاتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە دژکردەوە نیشان دەدەن.