لە درێژەی هەڵمەتی زاگرۆسانە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شار و ناوچە و گوندەکانی نیشتمان پارێزگاری لە ژینگەی کوردستان و زاگرۆس دەکەن.
لە درێژەی هەڵمەتی زاگرۆسانە لە ئەمساڵدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵک بە دروشمی “ئەم نیشتمانە بە باڵای زاگرۆسەوە جوانە” کە لەماوەی حەوتووەکانی ڕابردوودا دەستی پێ کردووە، چالاکییە ژینگەپارێزییەکانیان دڵسۆزانە بەڕێوە دەبەن و هەوڵ بۆ سەوزڕاگرتنی ژینگەی کوردستان و پارێزگاری لە زاگرۆس دەدەن.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژینگەپارێزانی دێهاتەکانی “ڕەمەکی”، “جوانمێری”، “بزمیراوا”، “چەنگوور” و “سەنجانی” لە ناچەی داڵاهۆ لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی “سەوڵی سەوزی داڵاهۆ”ی شارۆچکەی داڵاهۆی کرماشان، لە شاخەکانی ئەو ناوچەیە تۆوی ئەرغەوان، بەڕوو و گوڵ و گیا و دارەکانی تریان چاندووە، هەروەها لە شارۆچکەی نەوسوودی هەورامان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ژینگە و درێژەدانی ئەم هەڵمەتە چالاکیی ژینگەپارێزی بەڕێوە چووە و بەڕوویان چاندووە، هەروەتر باشگای شاخەوانیی “نوور” و گرووپی کەژوانیی ئەنجومەنی “ژیوای” پاوە، لە درێژەی هەڵمەتەکەدا دانەی بەڕوو، قەزوان و بادامیان چاندووە.
لە مەریوان خەڵکی شاری سەوڵاوای سەر بە شارستانی مەریوان بە هاوکاریی ئەنجومەنی “پاکۆی سەوڵاوا” لە شاخ و کیوەکانی دەوروبەری ئەو شارە و ناوچەکانی تردا دەنکە بەڕوویان چاندووە، هەروەها خەڵکی گوندی “دەرەوەران” و گوندی “هەڵیزاوا” لە ناوچەی “کۆماسی” چالاکیی ژینگەییان بەڕێوە بردووە و دەنکی بەڕوویان چاندووە؛ هەروەتر گرووپی شاخەوانیی “هێلانەداڵ” لە گوندی “چنارە” و ناوچەی “سەرشیو”ی مەریوان بە ڕێپێوانی شاخەوانی چالاکیی ژینگەپارێزییان بەڕێوە برد و تۆوی بەڕوو و گوڵ و گیا و دارەکانی تریان چاندووە. هەر لەم پێوەندییەدا کۆمەڵیک لە چالاکانی ژینگەپارێزی کورد بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە ناکارامەییی بەرپرسانی ڕێژیم لەسەر لەناوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس و گۆلی زرێبار، بە دروشمەکانی “نا بۆ کاولکاریی زرێبار” و “نا بۆ لەناوچوونی دارستانەکان” لە شاری سنە تاکوو زرێباری مەریوان ڕێپێوانیان کردووە.
لە شاری سەقز؛ ئەنجومەنی “ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز” بە هاوکاریی خەڵکی ئەو شارە و ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی نیشتمان لە ساحێب، لە دوو چالاکیی جیاوازدا لە هەڵمەتەکە بەشدار بوون و دەنکی بەڕوو و بادام و گوڵ و گیا و دارەکانی تریان چاندوووە، هەروەها لە شاری بانە، مامۆستایان و قوتابییانی قوتابخانەی “شێخولئیسلام”ی ئەو شارە چالاکیی ژینگەیییان بەڕێوە بردووە و تۆوی بەڕوویان چاندووە.
هەر لە درێژەی هەڵمەتی زاگرۆسانەدا، ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی شاری پیرانشار بە هاوکاریی خەڵکی ئەو شارە لە چەندین ناوچە و شوێنی جیاوازدا چالاکیی ژینگەپارێزییان بەڕیوە برد. هەروەها خەڵکی گوندەکانی “نەڵێن” و “بازرگان”ی سەر بەو شارە لە چالاکییەکی بەرچاودا زیاتر لە ٢٠٠٠ دەنکی بەوڕویان لە شاخ و کێوەکانی ئەو ناوچەیەدا چاندووە، هەروەها لە شاری شنۆ ڕێکخراوی “ژینگەپارێزانی کێلەشین سەوزی زاگرۆس (ژینکۆ)” و گرووپە شاخەوانییەکانی “بۆزی سینا”، “سپیڕێز”، “پێشڕەو”، “چیا” و “کێلەشین” بە بەشداریی شاخەوانانی گرووپی شاخەوانیی “هەڵگورد”ی پیرانشار وەکوو میوان، لە چالاکییەکی هاوبەش و لە چەندین شوێنی جیاوازدا وەکوو “بناری ڕەندۆڵە”، “بناری شەترە”، “نوورەسەنی دەشتەبێڵ” و ناوچەکانی تر دەنکە بادام و قەزوان و بەڕوویان چاندووە.
لە شاری نەغەدە چالاکانی ژینگەپارێز و شاخەوانانی ئەو شارە بە هاوکاریی خەڵکەوە لە چەندین شوێن و ناوچەی دەوروبەری سەر بەو شارە و بەتایبەت کێوەکانی گوندی “خەڵیفان” چالاکیی ژینگەپارێزییان بەڕێوە برد و زیاتر لە ٣٠٠٠ دەنکە بەڕوو و بادامیان چاندووە. هەروەها لە ورمێی کوردستان خەڵکی ئەو شارە لە شاخ و کێوەکانی ئەو شارە و ناوچەکانی دەوروبەری و بەتایبەت شاخی “بۆزی سینا” چالاکیی ژینگەپارێزییان بەڕیوە برد و بەڕوو و گوڵ و گیا و دارەکانی تریان چاند.