ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکیی بژاردە سەربازییەکانیان تاوتوێ کرد و لەسەر ئەو باوەڕەن کە نابێ ڕێژیمی تاران بەهیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
بەپێی ڕاپۆرتی “سی ئێن ئێن” ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە حاڵێکدا کە ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی ئەندام لە بەرجام هۆشدارییان داوە کە چارەسەرکردنی دیپلۆماتیکی بەرجام بەرەو کۆتایی دەڕوا، بەرپرسانی پلەبەرزی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل تاوتوێی بژاردە سەربازییەکان دەکەن بۆ ئەوەی نەهێڵن ڕێژیمی ئێران بە هیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگات.
فەرماندە سەربازییەکانی پێنتاگۆن لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە بڕیاری جۆ بایدێن بەڕێوە چوو، کۆمەڵێک بژاردەی بەهێزی سەربازییان بۆ هیڕشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی تاران تاوتوێ کرد و باسیان لەوە کرد کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە پێبەندی ڕێککەوتنەکانی ناوکیی نەبوو و دەبێ پلانی سەربازی بەدژی ئەو ڕێژیمە بگیردرێتە بەر و لەو پێوەندییەدا ڕاپۆرتێکی تێروتەسل دراوەتە “جەیک سالیوان” ڕاوێژکاری نیشتمانیی کۆشکی سپی ئەمریکا.
شایانی باسە کە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەبارەی تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکانی بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: “ئەرتەشی ئیسرائیل بە تەواوی ئامادەیە بۆ هێرشکردنە سەر هەموو دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین کە ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.”