دایکی شەهیدان “لەتیف و حەبیبوڵا تەنهائیان” لە گوندی گەلێن سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە “سوڵتان دەروێشی”، دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوەکانی “لەتیف تەنهائیان و حەبیبوڵا تەنهاییان”، لە گوندی گەلێن سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بەهۆی بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ئەو ناوچەیەدا بە خاک سپێردرا.
دایە سوڵتان کەسێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو و ماڵەکەیان هەمیشە شوێنی حەسانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بووە و ئاواتی گەورەی وەدیهاتنی ئامانجی کوڕە شەهیدەکانی بوو کە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا.
شەهید “لەتیف تەنهائیان” ساڵی ٦٧ی هەتاوی لە عەمەلیاتێک لە “سەرتەنگی سەر”ی ژاوەرۆی سنە گیانی پیرۆزی بە گەل و نیشتمان بەخشی و شەهید حەبیبوڵا ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی لەلایەن جەلادانی ڕێژیمی ئاخوندییەوە لە بەندیخانەی سنە لەسێدارە درا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری دایە سوڵتان دەروێشی و خەڵکی شۆڕشگێڕی ناوچەی ژاوەرۆی سنە بەگشتی و ئاوایی گەلێن بەتایبەتی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.