عەلی موعەلێمی، ئەندامی مەجلسی خوبرێگانی ڕیبەریی ڕێژیمی ئێران، دەیهەوێ وەکوو ئەفغانستان نوێژخوێندن لە لایەن تاڵیبانەوە کراوەتە زۆرەملێ، دەبێ ئێرانیش چاو لە تاڵیبان بکا و نوێژ خوێندنی بە زۆری بە سەر خەڵکدا بسەپێنی.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “عەسری ئیران” نوێنەری مازندەران لە مەجلیسی خوبرێگان ڕۆژی ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی وتی:”بەداخەوە لە پاش شۆڕشەوە لاڕیی دروست بووە و هەندێک لە بەرپرسان وتیان کە نوێژخوێندن نابێ بە زۆری بێت، من دەڵێم بۆچی منداڵاکانتان بە زۆری دەنێرن بۆ قوتابخانە، بۆچی نوێژ کە بەیداخی ئایینە نابێ بە زۆری بێ، دوژمن بە هەموو هێزی خۆیەوە دەیهەوێ بیر و باوەڕی ئایینی بە تایبەت لە نێو گەنجانی ئێمەدا لە ناو بەرێ.
سەپاندنی سنووردارێتی و توندوتیژی دژ بە ژنان، جێبەجێ کردنی سزای سەنگسار، قامچی و بناژۆیی ئایینی لە هاوشێوەیی نێوان کۆماری ئیسلامی و تاڵیبانە.
ناوبراو پێشتریش سەبارەت بە سەفەری خەڵکی ئێران بۆ تورکیە وتبووی ئەگەر خەڵک بۆ ڕابواردن نەچن بۆ ئەو جۆرە جێگایانە و ڕێگای چوون بە تورکیە و ئانتالیا داخرێ، نرخی دۆلار ئاوا بەرز نابێتەوە.
ئەو قسانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەزۆرەملێ کردنی نوێژ خوێندن لە کاتێکدایە کە زیاتر لە چوار دەیەیە کە ئەو ڕێژیمە سیستمی مەزهەبی و توندئاژۆیی لە ئێراندا پەیڕەو دەکا بەڵام بە پێی لێدوان و لێکۆڵینەوەکانی خۆیان زۆربەی لاوان و گەنجانی ئێران لە هۆگری بە دین و ئایین دوور کەوتوونەتەوە.