یەکەمین کۆنفرانسی نەتەوەییی مەریوانناسی، بە بەشداریی توێژەران و نووسەران و خەڵکی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، لەو شارە بەڕێوە چوو.
ڕۆژەکانی ١٨ و ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان بە بەشداریی توێژەران، نووسەران، خەڵکی ڕۆژهەڵات بەتایبەت شاری مەریوان و باشووری کوردستان، یەکەمین کۆنفرانسی نەتەوەییی مەریوانناسی لەو شارە بەڕیوە چوو.
بە وتەی بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەکە؛ ئەو کۆنفرانسە دوو ئامانجی سەرەکیی هەیە کە یەکەمیان دووبارە ناسین و دووبارە خوێندنەوەی مەریوانە لە هەموو بوارەکان و ئامانجی دووهەمیش ناساندنی ئەم شارەیە بە دەرەوە.
نووسەر و توێژەرانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان زیاتر لە ٢٠ وتار و توێژینەوەی زانستیی جۆراوجۆریان لەبارەی مێژوو، کولتوور و پێگەی فەرهەنگی و لایەنە جیا جیاکانی شاری مەریوان پێشکەش کرد.
۵۵ وتار و توێژینەوەی زانستی لەبارەی مێژوو، کۆمەڵایەتی، کولتوور، پێگەی فەرهەنگی، ئاو و خاک، ئابووری و لایەنە جیا جیاکانی مەریوان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئەو کۆنفرانسە نێردراوە کە لە کۆتاییدا ٢٢ وتار وەرگیراوە.
هەروەها کتێبی کۆنفرانسی مەریوانناسی کە بریتییە لە سەرجەم وتارەکانی کۆنفرانس بڵاو کرایەوە و دەتوانێت سەرچاوەیەکی زانستیی باش بێت بۆ کەسانی لێکۆڵەری ئەم بوارە.