وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێكی گرووپ و هێزە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانە لە ناوچەکەدا.
ڕۆژی هەینی، ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە واشینگتۆن لە کۆنفرنسێکدا کە بۆ ئەنستیتۆ و ناوەندە لێکۆڵینەوەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران دەربڕی و جەختیشی لەسەر هاوکارییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ پێشگرتن و کۆتاییهێنان بە هەوڵە ئاژاوەگێڕییەکان و دەستێوەردان و دەستدرێژییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکە و هەروەها زێدەڕۆییەکانی ڕێژیم لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی کردەوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەشێکی قسەکانیدا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای هەوڵەکانی خۆیدا بۆ ئاژاوەگێڕی و ناسەقامیگریی ناوچەکە و هەروەها هێرش بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت وڵاتی ئیسرائیل، لە ڕۆژاوای ئیسرائیل گرووپە میلیشیایی و هێزە تیرۆریستییەکانی خۆی بە شێوەیەکی چڕتر جێگیر کردووە و لە ئامادەباشیدان.
ناوبراو وتی: “ئێمە بۆ بەرگریی لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەمان و سامانەکانی خۆمان هەر کارێک کە پێویست بێت دەیکەین”
شایانی باسە کە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی سەرماوەز، “لوید ئاستن”، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پێشوازیی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە نووسینگەی سەرەکیی پێنتاگۆن، نیگەرانیی وڵاتەکەی لەسەر زیدەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران دەربڕی و هەردوو وڵات لەسەر مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زێدەڕۆییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێڕان وتووێژیان کرد.