گیلعاد ئەردان، باڵوێزی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ئاسایشیی لە فلۆریدای ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناوکیی وتی: بەرجام پێش بە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ناگرێ
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “تایمزی ئیسرائیل” ڕۆژی هەینی ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، گیلعاد ئەردان، باڵوێزی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ئاسایشیی لە فلۆریدای ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناوکیی وتی:”خۆشبینم بەوەیکە ئەمڕۆ دەوڵەتی بایدێن لەگەڵ ئیسرائیل هاوڕایە کە ڕێککەوتنی ناوکیی ٢٠١٥ ناسراو بە بەرجام پێش بە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ناگرێ و جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ڕێککەوتنی یەکەم کە لە کاتی سەرۆککۆماری باراک ئۆبامادا واژۆ کراوە، بە مەبەستی پێشگرتن لە ڕێژیمی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی کاتیی چەکی ناوکیی بەس نییە و ئێمە پێویستمان بە ڕێککەوتنێکی درێژ مەودا و بەربڵاوتر هەیە.
ناوبراو وتی کە ڕێژیمی ئێران نایهەوێ بەرنامەی ناوکی، بەرنامەی مووشەکیی بالستیک و چالاکیی میلیشاکان لە ناوچەکە کۆنترۆڵ بکا و ئەگەر بێتو ئەمریکا گەمارۆکانی لە سەر ئەو ڕێژیمە لابەرێ ئەو کات ناتوانێ بەهیچ شێوەیەک زیادەڕۆییەکانی لە ناوچەکە کۆنترۆڵ بکا.
هەر لەو پێوەندییەدا ئەمریکا جەختی لە سەر ئەوە کردۆتەوە کە هیچکات ڕێگە بە ڕێژیمی ئێران نادا دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا و جۆ بایدێن بە بەرپرسانی ئەمنییەتی دەوڵەتەکەی ڕاگەیاندووە لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتنی دانووستانەکانی ڤییەن ئامادە بن کە ڕێگەچارەی دیکە دەگرنە بەر.
ئەردان لەو بارەوە وتی هیوادارم دانووستانەکانی ڤییەن بە ئاکام نەگەن چونکە ڕێژیمی ئێران کاتێک دەست لە بەرنامەی ناوکیی هەڵدەگرێ کە لەگەڵ کۆمەڵێک گەمارۆی توند و هەڕەشەی هێرشی سەربازی بەرەوڕوو ببێتەوە، و ئەوان ناچارن لە نێوان مانەوەی خۆیان و ڕاگرتنی بەرنامەی ناوکیی یەکیان هەڵبژێرن.