ژێنێراڵ فرانک مەکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی “ئەسۆشیەیتد پرێس” وتی: “هێزەکانی ئێستای ئەمریکا لە عێراق کە ژمارەیان ۲٥۰۰ سەربازە دەمێننەوە.
سەرباری گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە شەڕکەرەوە بۆ ڕاوێژکار و هەر ئەرکێکی دیکە، بەڵام ئەمریکا درێژە بە پاڵپشتیی ئاسمانی و یارمەتیی سەربازیی لە شەڕی عێراق دژ بە ڕێکخراوی داعش دەدات.”
مەکێنزی ئاماژەی بەوەشکرد کە ” توندوتیژیی زیاتر لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و عێراق ڕەنگە ئەم مانگەش بەردەوام بێت.
ئەم میلیشیاگەلە دەیانەوێت هەموو هێزە ئەمریکاییەکان لە عێراق بکشێنەوە،ئێمە ناکشێینەوە، ئێمە لە هەندێک بنکە کە پێویستیمان پێی نەبوو کشاینەوە و وامانکرد گەیشتن بە ئێمە زەحمەت بێت بەڵام عێراقییەکان دەیانەوێت ئێمە لەوێ بمێنینەوە.
مەکێنزی ئەوەشی زیاد کرد: “چەکدارانی داعش هێشتا هەڕەشەن بۆ سەرعێراق و ئەو گرووپە تێرۆریستییە بەردەوام دەبێت لە سەرلەنوێ دروستکردنەوەی خۆی کە ڕەنگە لەژێر ناوێکی تردا بێت.