کاک “ئیبراهیم غەوارە”، باوکی شەهید “عەلی غەوارە” و باوکی هاوڕێی پێشمەرگە “شەهاب غەوارە” بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک “ئیبراهیم غەوارە” باوکی شەهید “عەلی” و باوکی هاوڕێ “شەهاب غەوارە”، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خوالێخۆشبوو “ئیبراهیم غەوارە” کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر و جێگەی متمانەی خەڵکی ناوچەی مەهاباد بووە کە جگەرگۆشەیەکی بە ناوی شەهید “عەلی غەوارە” هاوڕێ لەگەڵ ٥۸ لاوی دیکەی شاری مەهاباد لە ڕۆژی ۱۲ی جۆزەردانی ساڵی ۱۳٦۲ لەلایەن هێزە دژیگەلییەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لە شاری مەهاباد تیرباران کران و گیانی ئازیزی پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کرد و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک” ئیبراهیم غەوارە” سەرەخۆشی لە هاورێی پێشمەرگەمان کاک شەهاب غەوارە و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.