چالاکێکی مەدەنی خەڵکی بۆکان کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە حوکمی بەندکرانی بە سەر داسەپابوو دەسبەسەر و بۆ بەندیخانە گوازرایەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، جەلال وەفایی چالاکی خەڵکی بۆکان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای پێنج مانگ بەندکرانەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی گوازرایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، جەلال وەفایی لە حاڵێکدا لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە کە بە بەپێی ئاگادار کردنەوەیەک کە بۆی نێردرابوو، دەبوو ڕۆژی شەممە ٢١ی سەرماوەز خۆی بە بەندیخانە بناسێنێ.
جەلال وەفایی ڕۆژی پێنج شەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەسبەسەر و دوای ٣ حەوتوو بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
جەلال وەفایی دواجار لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر پەیمان ڕوستەمی بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” لە ڕێگای لایەنگری لە حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم سزای پێنج مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.