ئەنجومەنی زانیستیی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی ئێران وتی: حەوت میلیۆن منداڵی کار لە کارگە و کارخانەکان و سەر شەقامەکاندا کار دەکەن.
“مستەفا ئێقلیما” سەرۆکی ئەنجوومەنی زانستیی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی ئێران وتی: “ڕێژەی ئەو منداڵانەی کە لە تاران لەسەر شەقامەکان کار دەکەن بەنیسبەت ئەو منداڵانەی کە لە کارگە و کارخانەکاندا کار دەکەن زۆر کەمترە، چونکە ئەو منداڵانە ئامادەن بە مووچەیەکی کەم کار بکەن”.
بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، ڕێژەی منداڵانی کار لە ئێران سێ هەتا حەوت میلیۆن کەس بەراورد کراوە و “ئێقلیما” کێشەی ئابووری بە هۆکاری سەرەکیی کارکردنی منداڵان دەزانێ.
ناوبراو وتوویەتی: “ئەگەر بنەماڵەیەکی چوار کەسی لە سێ ژەمی خواردنەکەیاندا تەنیا لە هێلکە کەڵک وەربگرن، لە مانگێکدا ٨٠٠ هەزار تمەن پارەیان خەرج دەبێ، لەو دۆخەدا چۆن دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە نەبین کە منداڵان کار نەکەن”.
بە زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لە کۆمەڵگەدا ڕێژەی منداڵانی کاریش بەرز بووەتەوە، بە جۆرێک کە لە کاتژمێر پێنجی بەیانییەوە منداڵان لە ڕێگاکاندا کە هیچ ئاسایشێکی گیانییان نییە، دەبینرێن کە کار دەکەن.
کارگە بچووکەکانی دەرەوەی بازنەی یاسای کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی، کارگەکانی ژێر پشتیوانیی بنکەکانی خێرخوازی لە ناوچە پەراوێزخراوەکان، لەو شوێنانەن کە لە منداڵان بۆ کارکردن بە شێوەی نایاسایی کەڵک وەردەگیرێ.
ڕێژیمی ئێران بەشێک لە بەڵێننامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەبارەت بە یاسای کاری منداڵان قەبووڵ کردووە، بەڵام هیچ هەوڵێکی ئەوتۆی لەو بوارەوە ئەنجام نەداوە.