وەزیری دەرەوەی بریتانیا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر درێژەی دانوستانەکانی بەرجام، وتی: ڕێژیمی ئێران دەبێ بگەڕێتەوە بۆ سەر دانوستانەکانی ڤیەن و ئەوە کۆتا دەرفەتە بۆ تاران کە درێژە بە وتووێژەکان بدا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لیز تراس، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، هاوکات لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر درێژەی دانوستانەکانی ناوکی لە ڤیەن، هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا و وتی: دەبێ کۆماری ئیسلامی درێژە بە دانوستانەکان بدا،ئەوە کۆتا دەرفەتە بۆ ئەو ڕێژیمە و دەبێ بە تەواوی پێبەندی هەموو یاساکانی ڕێککەوتنە ناوکییەکان بێ.
هەروەها ناوبراو وتیشی: ئەوە کۆتا دەرفتە بۆ گەڕانەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕێککەوتنی ناوکی و داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکا کە ئەو دەرفەتە لەدەست نەدەن چون ئێمە و هاوپەیمانانمان سوورین لەسەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران نابێ بەهیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.