یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و ماڵی ڕۆشنبیرانی کۆیە دیبەیتییەکی هاوبەشیان لە ژێر ناوی” ژنی کورد لە نێوان دوێنی و ئەمڕۆدا” لە شاری کۆیە بەرێوەبرد.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ۱۷ی سەرماوەزی ۱٤۰۰ی هەتاوی لەلایەن هەردوو ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و ڕێکخراوی ماڵی ڕۆشنبیری کۆیە لە ژێر ناونیشانی” ژنی کورد لە نێوان دوێنی و ئەمڕۆدا” دیبەیتێک بەڕێوەچوو.
سەرەتای دیبەیتەکە بە ساتێک ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و دواتر پرۆفیسۆر دکتۆر جەواد فەقێ عەلی، مامۆستای زانکۆ باسێکی لەسەر” کوشتن بەناوی شەرەفەوە” پێشکەش کرد.
د.جەواد لەباسەکەیدا باسێکی لە ئایینەکانی پێش ئیسلام و ئیسلام کرد لەسەر ئەو مەسەلەیە کە تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە هیچ دەقێکی قورئان و ئایینی ئیسلامدا نییە باس لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی ژن بکات، پاشان باسێکی لە ڕۆڵی هەریەکە لە بنەماڵە، پەروەردە و حیزبەکان کرد سەبارەت بە توندوتیژی دژ بەژنان.
پاشان خاتوو شەونم هەمزەیی پسپۆڕ لە بواری ئابووری،باسێکی بە ناونیشانی” ئابووری سەربەخۆی ژن تاچەندە هۆکارە بۆ نەهێشتنی توندووتیژی” سەرەتای باسەکەی خاتوو شەونم بە پێناسەیەک لە توندووتیژی دەستپێکرد و دواتر بە ووردی باسی جۆرەکانی توندووتیژی کرد.
هەمزەیی هەر لەدرێژەی باسەکەیدا باسی کاریگەری بنەماڵەی کرد لەسەر بەرهەمهێنانی توندووتیژی وبرەودان بە توندووتیژی نێوبنەماڵە و لایەنی ئابووری کە چەندە گرنگە بۆ لەسەرپێ بوونی ژن وقبووڵ نەکردنی تووندووتیژی نێوخێزان.
تەوەری سێەمی دیبەیتەکە باسێک بوو لەسەر ” یاسای سزادانی عێراقی” کە لەلایەن خاتوو نەرمین عەبدوڵڕەزاق، مامۆستای زانکۆ لەبەشی یاساوە پێشکەش کرا،لە سەرەتادا خاتوو نەرمین ئاماژەی بە گرنگیی یاسا دا و گووتی یاسا لەسەر بنەمای یەکسانی و جیانەکردنی رەگەزی دامەزراوە، پاشان بە وردی باسی لە تاوانەکانی و ئەشکەنجەدانی ژنان کرد وهەڵوێستی یاسادانەری عێراقی لەمبارەیەوە بۆ ئامادەبوان ڕوون کردەوە.
لە کۆتاییدا هەریەک لە ئامادەبوان کە پێک هاتبوون لە کەسایەتی حیزبی و حکوومی و چالاکانی بواری ژنان باسەکانیان دەوڵەمەندتر کردوو ڕاوبۆچونەکانی خۆیانیان دەربڕی.