ڕۆژنامەی کەیهان لە کاردانەوە بە دەسبەسەرداگرتنی کەشتییەکی چەکوچۆڵی ڕێژیم لە ئاوە نێونەتیەوەییەکان: داخستنی گەرووی هۆرمۆز مافی ڕەوای ئێرانە.
حوسێن شەرێعەتمەداری، نوێنەری خامنەیی لە ڕۆژنامەی کەیهان بە ئاماژە بە هەوڵەکانی وەزارەتی دادگووستەریی ئەمریکا لەهەمبەر دەسبەسەرداگرتنی باری چەکوچۆڵی نێردراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ میلیشیا حووسییەکان و ناردنی نەوت بۆ وێنێزۆئێلا وتی: داخستنی گەرووی هۆرمۆز مافی ڕەوای ئێرانە و نابێ لە داخستنی ئەو گەرویە هیچ شک و گومانێکمان بێت.
حوسێن شەرێعەتمەداری، نوێنەری خامنەیی لە ڕۆژنامەی کەیهان، لە ژمارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای ئاماژە بە بڕیاری دادگووستەری ئەمریکا لەهەمبەر دەسبەسەرداگرتنی بارێکی گەورەی چەکوچۆڵی نێردراو لەلایەن سپای پاسدارانەوە بۆ میلیشیا حووسییەکان و هەروەها دەسبەسەرداگرتنی بارێكی نەوتی نێردراو بۆ وڵاتی وێنێزۆئێلا وتی: ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی دادگووستەری ئەمریکا لە بەرەبەرەی وتووێژەکانی ڤییەن دراوە و بە بێ هیچ گومانێک ئەمریکا دەیهەویت دەستێوەردان لە ڕەوتی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بکات.
جێگای ئاماژەیە کە وەزارەتی دادگووستەری ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا لە دەریای عەرەب دەستیان بەسەر دوو باری چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێراندا کە بۆ حووسییەکانی یەمەن ڕەوانە کرابوو،گرتووە.
وەزارەتی دادگووستەری ئەمریکا هەر وەها ڕایگەیاند کە دەستی بەسەر ١٧١ مووشەک و ٨ مووشەکی دژەتانک و یەک میلیۆن و سەد هەزار بەرمیل نەوتی ڕێژیمی ئێراندا گرتووە کە بۆ میلیشیا حووسییەکانی یەمەن و وڵاتی وێنێزۆئێلا ڕەوانە کراوە.