هەواڵدەریی” ئەوج” نزیک لە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی” پردی سووری” کابول دەفتەرێکی دامەزراندووە و خەریکی کۆکردنەوەی ئەندامانی تاڵیبانە بۆ کردنەوەی دەورەیەکی ڕاهێنانی ڕاگەیاندن و میدیایی بەدژی ئەمریکا لە ئەفغانستان.
سەرچاوە خۆجێیەکانی کابول، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی بە هەواڵنێرەکانی ئەفغانستانیان ڕاگەیاندووە کە دوو ئەندامی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە ناوەکانی” عەلی کۆمەیلی و حیسام ڕەزەوی” لە کابول بە فەرمی ڕاهێنانی میدیایی و ڕاگەیاندن بە ئەندامانی گرووپی تاڵیبان بەمەبەستی دژایەتیی لەگەڵ ئەمریکا لە ئەفغانستان دەکەن.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە خۆجێیەکانی کابول، هەواڵدەریی “ئەوج” کە سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە لە کابول خەریکی کۆکردنەوەی ئەندامەکانی تاڵیبانە بە مەبەستی ڕاهێنان و پڕوپاگەندە بەدژی ئەمریکا.
جێگای ئاماژەیە کە سەرەڕای تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی تاڵیبان و هێزە سنوورییەکانی ڕێژیمی ئێران لە حەوتووی ڕابردوودا، تاڵیبان ئیزنی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە کە لە کاروباری ڕاگەیاندن و میدیاییدا لە ئەفغانستان، ڕاهێنان بە ئەندامانی ئەو گرووپە بکات.
شایانی باسە کە رێژیمی ئێران، بەردەوام لەلایەن ئەمریکا وحکوومەتی پێشووی ئەفغانستانەوە بە پشتیوانیی سەربازی و ماڵیی تاڵیبان تۆمەتبار کراوە و لە ئێستادا کە ئەمریکا لە ئەفغانستان چووەتە دەرەوە بە شێوەیەکی فەرمی و بەربڵاوتر لەگەڵ تاڵیبان هاوکاری دەکات.