گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە نوێترین هەڕەشەکانیاندا ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ عێراق بە جێنەهێڵن بە توندترین شیوە دەیانکەنە ئامانج.
ڕێبەری گرووپی گوردانەکانی سەیدولشوهەدای سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق بەناوی” ئەبوو ئالا ئەل وەلایی” ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر بە بڵاوکردنەوەی تویتێک ڕایگەیاند ئەگەر تا کۆتایی ئەمساڵ هێزەکانی ئەمریکا خاکی عێراق بە جێنەهێڵن، ئەم گرووپە خۆی ئامادەکردووە بۆ شەڕێکی گەورە بەدژی ئەو هێزانە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینییەوە ڕێبەریی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بەدژی گرووپی داعشی( کە لەو کاتەدا یەک لە سەر سێی خاکی عێراقی داگیر کردبوو) لە ئەستۆ بووە و دەور و نەخشێکی گرینگی لە شکستی داعش و وەرگرتنەوە خاکی عێراق هەبووە.
هەرلەم پێوەندییەدا بەغدا و ئەمریکا گەیشتوون بە ڕێککەوتنێک کە تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢١ی زایینیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان عێراق بە جێبهێڵن.