پارێزەرانی ژینگەی نیشتمان بۆ سەوزڕاگرتنی زاگرۆس، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژە بە هەڵمەتی زاگرۆسانە دەدەن.
لە درێژەی هەڵمەتی زگرۆسانەی ئەمساڵ و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بە دروشمی “ئەم نیشتمانە بە باڵای زاگرۆسەوە جوانە” لە شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چالاکان، ئەنجومەنەکان، ڕێکخراوە خەڵکی و مەدەنییەکان و ئەنجومەن و گرووپ و یانە وەرزشییەکانی کوردستان، بۆ پاراستن و پارێزگاری لە ژینگەی نیشتمان و سەوزڕاگرتنی زاگرۆس، لە چالاکییە ژینگەپارێزییەکانیان بەردەوامن.
هەڵمەتی زاگرۆسانە لە “ئیلام” و لەلایەن “ئەنجومەنی قەراری سەوزی بانکول” و چالاکانی ژینگەپارێز و مەدەنیی ئەو شارە، لە چەند شوێنی دەوروبەری شارەکە بەڕیوە چوو و دەنکە بەڕوو، قەزوان و بادامیان چاندرا؛ هەروەها لە شاری کامیاران کۆمەڵێک لە لاوان و ژینگەپارێزانی گوندی “ئەڵک”ی سەر بەو شارە، بە چاندنی تووی کەما و لۆ و ڕێواس، لە داوێنی شاخی کەروانشا، لەم کەمپەینەدا بەشدارییان کرد و هەڵمەتی زاگرۆسانەیان بەڕێوە برد.
هەر لە درێژەی هەڵمەتی زاگرۆسانە و لە شاری بیجاڕ، ڕێکخراوەکان و ژینگەدۆستان و پارێزەرەانی ژینگەی نیشتمان لەو شارە بە بەشداریی خەڵک و بە دروشمەکانی “ئەم نیشتمانە بە باڵای زاگرۆسەوە جوانە” و “بە چاندنی تۆوی دار و گوڵ و گیاکان، پارێزگاری لە ژینگەی زاگرۆس بکەین” هەڵمەتەکەیان بەڕیوە برد و لە شاخ و کێوەکانی دەوروبەری شار و ناوچەکانی بیجار، بەتایبەت لە کێوی “نسار” دەنکی بادام، بەڕوو و گوڵ و گیاکانی تریان چاند.
لە شاری مەریوان، لەلایەن گرووپە شاخەوانییەکانی “قەندیلی مەریوان” و “هەڵۆخان” و گرووپی “وەرزشی و ڕێپێوانیی ژنانی زرێبار”، بە بەشداریی منداڵان و ڕێژەیەکی بەرچاو لە ژنانی مەریوان و لە دوو چالاکیی جیاوازدا، لە شاخ و کێوەکانی دەوروبەری ئەو شارە بە ڕێپێوانی شاخەوانی، هەڵمەتی زاگرۆسانەیان بەڕیوە برد و دەنکە بەڕوو و گوڵ و گیاکانی تریان چاند. لەم پێوەندییەدا ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ڕایگەیاندووە کە جێی خۆشحاڵییە کە چالاکییە ژینگەپارێزییەکان لە چوارچێوەی ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکاندا قەتیس نەکراوەتەوە و پەلی کێشاوەتە سەرجەم تیم و دەستە و گرووپە وەرزشی و شاخەوانییەکان و هەروەها تاک و بنەماڵەکانیش.
هەر لە پێوەندیی بە هەڵمەتی زاگرۆسانەوە، لە شاری بانە گرووپی “کەژوانیی ئافرەتانەی ڕووبار”، بە چاندنی تۆوی بەڕوو لە هەڵمەتەکەدا بەشدارییان کردووە، هەروەها لە شاری “ورمێ”ی کوردستان، ژینگەپارێزانی “داڵانپەڕ” بە دروشمەکانی “ئەم نیشتمانە بە باڵای زاگرۆسەوە جوانە” و “ژینگە، ژیان، نیشتمان” لە داوێنی شاخ و کێوەکانی ناوچەی “مەرگەوەڕ” تۆوی گوێز، گێوژ و بەڕوو و گوڵ و گیاکانی تریان چاند و هەڵمەتەکەیان بەڕێوە برد.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی “سروشتی شارەکەم بۆکان” لەو شارە، ڕایگەیاندووە کە ٦٠٠٠ دەنکە بەڕوو کە بە شێوەی گوڵدانی لە ساڵی١٣٩٩ی هەتاوی، چێندرابوون و هەنووکە شین بوونە، لە ڕۆژانی داهاتوودا لە شاخ و کێو و چیاکانی دەوروبەری ئەو شارە دەچێنن.