وەزارەتی تەعاون، کار و دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم ڕایگەیاند کە، مامناوەندی نرخی خواردەمەنی و کەلوپەلە سەرەتاییەکان نزیکەی سەتا ٨٣ بەرز بۆتەوە و گەیشتووەتە سەرووی ئاستی قەیرانی داراییەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “ئیلنا”، نرخی کەلوپەلە سەرەتاییەکان کە خەڵک ڕۆژانە بۆ بژێوی ژیانیان پێویستییان پێیەتی، بە جۆرێک هەڵکشاوە کە زۆربەی خەڵک توانایی دابینکردنیانی نییە و لە ئێران نرخەکان بە جۆرێک هەڵکشاون کە گەیشتووتە سەرووی دۆخی خراپی داراییشەوە و لە درێژەی هەنگاوە نەگونجاوە سیاسییەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، چاوەڕوان دەکرێ نرخی کەلوپەلەکان لە داهاتوودا، زۆر زیاتر لەو ئاستە بەرز ببێتەوە و دۆخی بژێوی ژیانی خەڵک خراپتر ببێ.
هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە، نرخی هەموو کەلوپەلەکانی دیکەش بە خواردەمەنییەکانەوە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ کە زۆر هەڵکشان بە خۆیەوە ببینێ و ڕۆژانە نرخی کەلوپەل و کاڵا لە ئێران بەرز دەبێتەوە و دۆخی ژیانی خەڵک خراپتر و قورستر دەبێ و بەپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەو بارەوە هیچ هەنگاوێکی کردەییان نەناوە و وەزارەتی تەعاونی ڕیژیم لەسەر هەڵکشانی لەڕادەبەدەری نرخی کەلوپەل لە ئێران هۆشداری جیددی داوە.