لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی خوێندکار لە زانکۆی پیشەیی شەریف، محەممەدحوسێن بەیات، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئیسلامیی خوێندکارانی زانکۆی پیشەیی شەریف، ڕەخنەی توندی لە ئیبراهیم ڕەئیسی گرت و هەڵبژاردنی ناوبراوی بۆ سەرۆککۆماری ئێڕان وەک یەکێک لە هەڵبژاردنە بێڕکابەرە فەرمایشییەکانی مێژووی ئێران ناوبرد و ئاخوند ڕەئیسی بە نوێنەری ڕێژیم دانا نەک نوێنەری خەڵکی ئێران.
ڕۆژی سێشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی خویندکاردا لە چاوپێکەوتنی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران لە زانکۆی پیشەیی شەریف، محەممەدحوسێن بەیات، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئیسلامیی خوێندکارانی زانکۆی پیشەیی شەریف، ڕەخنەی توندی لە ئیبراهیم ڕەئیسی گرت و ناوبراوی وەک نوێنەری حاکمییەت ناوبرد نەک نوێنەری خەڵکی ئێران و هۆشداری دا کە سەرهەڵدانی شۆڕشێک دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە ئارادایە و ڕوو بە ناوبراو وتی: “ئەگەر بۆ دەربازبوون لە دۆخی قەیراناوی ئێستا، ڕێگاچارەیەکی دروست نەدۆزنەوە و وڵامدەر نەبن، ئەوە لەلایەن خەڵکەوە وڵامێک وەردەگرنەوە کە لەوانەیە خێرا و بە پەلە نەبێ، بەڵام شۆڕشگێرانە و لێبڕاوانە دەبێ.”
بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئیسلامیی خوێندکارانی زانکۆی پیشەیی شەریف لە درێژەی قسەکانی خۆیدا ڕەئیسی بەوە تاوانبار کرد کە هەر کام لە بەشەکانی دەوڵەتی داوە بە دەست نوێنەری یەکێک لە باندە گەندەڵ و ناکارامەکانی دەسەڵات و سەروەت و سامانی خەڵک دەبەخشنەوە و هەشت کەس لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانی وەک بەڕێوەبەری هەستیارترین شوێنەکانی کابینەی خۆی هەڵبژاردووە.
ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا ڕوو بە ئاخوند ڕەئیسی وتی:”ئێستا پرسیار لێردەدایە کە لەو ڕێژیمەدا کە هەموو دەسەڵاتدارانی یەکدەستن، ئەو ڕووبەڕوونەوەی کە لەگەڵ گەندەڵی دەتانکرد کوا؟ کۆتایی هێنان بە نادادپەروەری و دابینکردنی مافی مرۆڤ و بەرابەری ژن و پیاو کوا؟ بەڵێنی لابردنی گەمارۆکان کە داوتانە لە کوێیە؟ هەر بۆیە ئێمە ئێوە بە نوێنەری ڕێژیم دەزانین نەک نوێنەر و هەڵبژێردراوی خەڵک.”