ئەمەریکا چەندین بەرپرسی باڵای سەربازیی و ئیتلاعاتیی ڕێژیمی ئێران و هەروەها چەند دامەزراوەیەکی بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانەوە، خستە لیستی گەمارۆکانییەوە.
ڕۆژی سێشەممە ١٦ـی سەرماوەز، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا کۆمەڵێک لە فەرماندە باڵاکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانییەوە؛ یەک لەوانە “غوڵامڕەزا سولەیمانی” سەرۆکی ڕێکخراوی دژیگەلیی بەسیجی چەوساوەکانە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، “سەیدڕەزا موسەوی ئەعزەمی”، فەرماندەی تیپی ئەمیرئەلموئمێنینی سپای تێرۆریستی پاسداران ، “عەلی هێممەتیان” و “مەسعوود سەفدەری” لە لێکۆڵەران و ئەشکەنجەکەرانی سپای تێرۆریستی پاسداران، “سوغرا خودادادی”، بەرپرسی زیندانی قەرچەک و “لەیلا واسقی”، فەرمانداریی قەلعە حەسەنخان و هەروەها “موحسێن ئیبراهیمی”، فەرماندەی هێزە سەرکوتکەرە تایبەتەکانی پاسدارانی ویلایەت و “محەممەد کرمی”، فەرماندەی قەرارگای قودسی هێزی زەوینی سپای تێرۆریستی پاسداران خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.
هەروەها هێزە تایبەتەکانی “ناجا” و هێزە تایبەتەکانی “پادوەحشەت” ناسراو بە “نۆپۆ” لەم لیستە دان. ئەو کەس و ڕێکخراوانە تۆمەتبارن بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و پێشێلکاردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و لە چوارچێوەی یاساکانی “مەگنیتسکی” و “کاتسا”، خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.
شایانی باسە کە یەکیەتیی ئورووپاش لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە تۆمەتی سەرکوتی توندوتیژی ناڕەزایەتییەکان لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨ بەشێک لەو کەسانەی کە لە لیستی گەمارۆ تازەکانی ئەمریکا دان، خستبووە لیستی سزاکانی خۆیەوە.