ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گوندی “وێڵە”ی ناوچەی داڵاهۆ سەر بە پارێزگای کرماشان، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەندامانی دڵسۆز و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان لە گوندی وێڵەی ناوچەی داڵاهۆ بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە شاخەکانی ئەو ناوچەیە یادی ٧٦ساڵەی هەڵکردنی ئاڵا و ناوی پیرۆزی پێشمەرگەیان بە چالاکی تەبلیغیی بەربڵاو بەرز نرخاند و پەیمانی وەفاداریی خۆیان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان دووپات کردەوە.
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەرەڕای هەڕەشە و ترس و تۆقاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەردەوام بۆنە و ڕێوڕەسمە نەتەوەییەکانی خۆیان هەمیشە بەرز و پیرۆز ڕادەگرن و لە هەموو دۆخێکدا بابەتی نەتەوەیی لە سەروو هەموو شتێکەوەیە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وێڕای سپاس و ماندوونەبوونی لە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی حیزب لە ناوخۆی وڵات بەتایبەتی لە ناوچەی داڵاهۆی کرماشان، هیوای ساغی و سڵامەتی و بەردەوامبوونیان لە ئەرکە نەتەوایەتییەکاندا بۆ بە ئاوات دەخوازێ.