حاج شێخ جەمیل هاشمی، کەسایەتی و زانای ئایینی و نیشتمانپەروەری ناوچەی مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، حاج شێخ جەمیل هاشمی، کەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەری ناوچەی مەهاباد، لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حاج شێخ جەمیل هاشمی ( زەنبیل )، لە دایکبووی ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی و کوڕی شێخ عەلیشای هاشمی زەنبیل و نەوەی سەید محەممەد نورانی زەنبیلە.
حاج شێخ جەمیل لە منداڵییەوە لەلای باوکی و مامۆستای ئایینی ئەوکاتی زەنبیل خوێندنی ئایینی دەست پێکردوە و پاشان لە شاری مەهاباد و لەلای حاجی مامۆستا مەلا قادر عەباسی لە مزگەوتی حاجی شاتری و مامۆستا مەلا شێخ عێزەدین حوسێنی پێشنوێژی ڕۆژانی هەینیی ئەوکاتی شاری مەهاباد، خوێندنی ئایینی تەواو کردووە و ئیزنی مامۆستایەتی ئایینی وەرگرتووە. حاج شێخ جەمیل وەک کەسایەتییەکی زانای ئایینی لە ناوچەکانی مەهاباد، بۆکان، شنۆ و پیرانشار و شوێنی دیکە مورید و مەنسووبی هەبووە و هاوکات وەکوو کوردێکی وڵاتپارێز لە ڕۆژە سەختەکانی خەباتی چەکدارییدا، بە شێوەی ماددی و مەعنەوەی، پاڵپشتی ڕۆڵە فیداکارەکانی گەلەکەی بووە و هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچیدوایی حاج شێخ جەمیل هاشمی ( زەنبیل )، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئایینی و نیشتمانپەروەری هاشمی و سەرجەم موریدانی و خەڵکی حیزبدۆستی ناوچەی مەهاباد دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.