ڕۆژنامەی” تایمز ئیسرائیل” لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و داوید بارنێعا، بەرپرسی دەزگای زانیارییەکانی ئیسرائیل “مووساد” لە چاوپێکەوتنەکانی ئەم حەوتووی خۆیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، گوشار دەخنە سەر ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی بەدژی ڕێژیمی ئێران.
بەپێی راپۆرتی ڕۆژنامەی” تایمز ئیسرائیل” کە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوبووەتەوە، ئامانج لە چاوپێکەوتنەکانی بێنی گانتز و داوید بارنێعا، هاندان و گوشار بۆسەر بەرپرسانی باڵای ئەمریکایە، بۆ جێبەجێکردنی گەڵاڵەی “بی” کە ناوەرۆکی ئەو گەڵاڵەیە هێرشی سەربازیی بەدژی ڕێژیمی ئێرانە و بەرپرسانی ئیسرائیلی بێئاکاممانەوە و ڕاوەستانی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بە دەرفەتێک بۆ گوشارخستنە سەر ئەمریکا دەزانن کە لێبڕاوانەتر ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران ببێتەوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەرپرسانی ئیسرائیلی، سەرەڕای داوای دووبارەکردنەوە و سەپاندنی زیاتری گەمارۆکان بەدژی ڕێژیمی ئێران، داوایان لە ئەمریکا کردووە کە هێرشی سەربازیی بکاتە سەر رێژیمی ئێران.
هەر لەم پێوەندییەدا کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل بە وتنی ئەوەیکە ئامانج لە ئەگەری هەر هێرشێکی سەربازیی ئەمریکا بۆسەر ئێران، دامەزراوە ناوکییەکانی ئەو وڵاتە نییە بەڵکوو پێدەچێت کە ناوەند و بنکە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی یەمەن لەخۆ بگرێ.