هاوپەیمانیی عەرەبی لە هێرشێکی ئاسمانیدا کارگەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالستیکی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە سەنعا کردە ئامانج.
هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ئامانجگەلێکی سەربازیی میلیشیا حووسییەکانی وەکوو کۆگای چەکوچۆڵ و کارگەکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالستیکی لە سەنعا کردۆتە ئامانج، ڕایگەیاند کە میلیشیا حووسییەکان هێندێک لە چەکوچۆڵە قورسەکان وەکوو مووشەکی “بالستیک”یان لە ئەشکەوتەکانی شاخەکانی دەورووبەری سەنعا حەشار دابوو کە هاوپەیمانیی عەرەبی هەموو حەشارگەکانی میلیشیا حووسییەکانی مووشەکباران کردووە و بە تەواوەتی لەنێویانی بردووە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا، هاوپەیمانیی عەرەبی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەو هێرشە ئاسمانیانە لە وڵامی هەڕەشەکانی میلیشیا حووسییەکان بۆ بە ئامانج کردن و هێرش بۆسەر خەڵکی مەدەنیی یەمەن بووە.
هاوپەیمانیی عەرەبی هەروەها ڕایگەیاندووە کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٢٦ هێرشی سەربازیی کردووەتە سەر میلیشا حووسییەکان لە پارێزگاکانی مەرئەب و ئەلجووف و لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا ١٥٠ چەکداری میلیشیا حووسییەکان کوژراون و ١٨ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپەش بە تەواوەتی تێکشکاون.