کۆمەڵگای نێودەڵەتیی بەهاییەکان لەسەر بەتاڵانبردنی مڵک و ماڵ و سامانی بەهاییەکانی ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئاخوندییەوە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگاداریی دەداتە ئەو ڕێژیمە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی بەهاییەکانی وڵاتی ئێران، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەهاییەکان لە ڕاگەیەندراێکدا دژکردەوەی توندی لەسەر بەتاڵانبردن و دەستبەسەرداگرتنی مڵک و ماڵ، زەوی و زار، سامان و داراییی بەهاییەکانی وڵاتی ئێران نیشان داوە و بەم بۆنەشەوە ئاگادارییەکی توند دەداتە ڕێژیمی ئێران و هەروەها داوای کردووە کە بە خێرایی کۆتایی بەو تاڵان و دەستبەسەرداگرتنەدا بهێنێت.
لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا، وێڕای شەرمەزارکردنی بەتاڵانبردنی زیاتر لە ١٣ پارچە زەوی و زار و مڵکی بەهاییەکان لەلایەن “ستادی بەڕێوەبردنی فەرمانەکانی خومەینی” کە سەر بە بەیتی ڕێبەریی ڕێژیمە، لەسەر ئەوەی کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە بڕیاری ئەو ناوەندە، زەوی و زار و مڵک و ماڵی بەهاییەکانی گوندی “کتا” لە پارێزگای کۆهکیلوویە و بۆیرئەحمەدیان بەتاڵان بردووە، ئاگاداری دەداتە ڕێژیمی ئێران و ڕایگەیاندووە کە دەبێت خێرا کۆتایی بەو کردارە نەشیاوانە بهێنن.
دامودەزگاکانی ڕێژیمی ئێران و بە تایبەت “ستادی بەڕێوەبردنی فەرمانەکانی خومەینی” هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەو ڕێژیمە و دروستبوونی ئەو ناوەندە، بەردەوام لە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی مڵک و ماڵ، زەوی و زار، باخ و باخات، دارایی و سامانی جیابیرانی سیاسی و ئایینیدا بووە و بەهاییەکانی وڵاتی ئێرانیش بە هۆکاری جیابیریی ئایینی لەگەڵ ئەو ڕێژیمەدا، هەموو ژیانیان بەتاڵان بردراوە و لە هەر چەشنە مافێکیش بێبەش کراون.