بەپێی زانیارییەکانی بڵاوکراوەی بریتانیایی “ئێسپێکتیتۆر”، مووساد ئامادەکاریی بۆ هێرشکردن بۆسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران دەکا.
بڵاوکراوەی بریتانیایی “ئێسپێکتیتۆر” لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی، باسی لە چالاکییەکانی مووساد دژ بە ڕێژیمی ئێران و دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا کرد و نووسی کە ئیسرائیل دەیهەوێ بەجێی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لەوەبەدوا ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئەو وڵاتە و دامەزراوە ناوکییەکانی.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەز بڵاو کراوەتەوە، لە ڕەوتی گۆڕانی سیاسەتەکانی ئیسرائیل، لەوەبەدواوە هەر کات میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە کێشە و ئاڵۆزی بنێنەوە، دەوڵەتی ئیسرائیل تۆڵەی ئەو هەڵسوکەوتانە لە خاکی ئێراندا دەکاتەوە و ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر ئەو وڵاتە.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئیدی کاتی هێرشکردن بۆسەر دەستوپێوەندییەکانی تاران بەسەر چووە و ئەمجارە هێرشەکان بە شیوەی ئاسمانی و مووشەکی نابن، بەڵکوو بە مووساد و ناوەندی زانیاری و ئۆپەراسیۆنی تایبەتیی ئیسرائیل، فەرمان دراوە کە بە وردی و بە بەڕێوەبردنی هێرشی ئامانجدار لە نێوخۆی خاکی ئێراندا، تۆڵە لەو ڕێژیمە بکەنەوە.