ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای گرووپ و میلیشیا چەکدارەکانییەوە گەورەترین مافیای ترانزیتی ماددەی هۆشبەری لە جیهاندا پێک هێناوە و ئەمەش بووەتە مەترسییەکی جیددی بۆسەر ئاسایش و تەندروستیی کۆمەڵگای جیهانی.
ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای گرووپ و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و لق و میلیشیا چەکدارەکانی خۆیەوە لە جیهان و ناوچەکە و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە لە ڕێگای دەستوپێوەندییەکانییەوە دەستی بەسەردا گرتوون، گەورەترین باندی مافیای ترانزیتی ماددەی هۆشبەری پێک هێناوە و ئەمەش بووەتە مەترسییەکی جیددی بۆسەر ئاسایش و ئەمنییەت و هەروەها تەندروستی و سڵامەتیی کۆمەڵگای جیهانی.
لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”، ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە بازرگانی و ترانزیتی ماددەی هۆشبەر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای میلیشیا تێرۆریستییەکانی خۆیەوە دەستی بەسەریاندا گرتووە، بە ڕێژەیەکی بەرچاو و مەترسیدار پەرەی ستاندووە و ئەندامان و میلیشیا چەکدارەکانی حیزبوڵای لوبنان و هێزەکانی فەرمییەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد بە بازرگانانی سەرکیی ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکە و جیهاندا لەقەڵەم داوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕێژیمی ئێران بە کەڵکاژۆ وەرەگرتن لە بارودۆخی شەڕلێدراوی وڵاتی سووریە، لە ڕێگای حیزبوڵای لوبنانەوە ماددە هۆشبەرەکان دەگەیەنێتە وڵاتی لوبنان و لەوێشەوە بە بەندەر و لەنگەرگاکانی ئاویی “لازقیە” و ناوچەکانی تردا دەیگەنێتە سووریە و لە سووریەشەوە بە تیم و دەستەکانی خۆی ڕەوانەی وڵاتانی جیهانی دەکات.
لەم ساڵانەی دوایی و لە پێوەندیی بە بازرگانیکردنی ڕێژیمی ئێران بە ماددە هۆشبەرەکان، کاربەدەستان و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەتییەکانی وڵاتان، بەتایبەت وڵاتانی یۆنان، ئیتالیا، میسر، ئوردۆن و چەندین وڵاتی تر لەماوەی ڕابردوودا چەندین جار لە لێکۆڵینەوەی سەلمێنەری جۆراوجۆردا، ئاگادارییان ڕوو بە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بڵاو کردووەتەوە.