داهات و قازانجی بازاڕی میوە و تەڕەباری شاری شنۆ، ڕادەستی ڕێکخراوی هاریکاری شارەوانییەکانی پارێزگای ورمێ کراوە.
بەپێی ئەو بەڵگەنامە تایبەتەی کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، ئیدارەی نیشتەجێبوون و شارسازی ڕێژیم، خاوەندارێتی لە زەوییەکانی گوندی “ئاڵیاوێ”ـی شاری شنۆ دەکا بۆ دروستکردنی بازاڕی میوە و تەڕەبار؛ بەڵام لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا گەڵاڵەی دروستکردنی ئەو بازاڕە لەژێر ناوی “تێرمیناڵی هاوردە و هەناردەکردنی میوە و بازاری تەڕەبار”، ڕادەستی ڕێکخراوی هاریکاری شارەوانییەکانی پاریزگای ورمێ کراوە.
ڕادەستکردنی ئەو شوێنە بە ڕێکخراوی هاریکاری شارەوانییەکانی پارێزگای ورمێ، بە مانای ستاندنی ئەو شوێنەیە لە شارەوانیی شاری “شنۆ” و تەرخانکردنی تەواوی داهاتی ئەو بازاڕە بۆ ڕێکخراوی هاریکاری شارەوانییەکانە لە پاریزگای ورمێ و قازانجەکەی بۆ ئەوان دەبێ و ماندووبوون و زەرەرەکەشی بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە و گوندی ئاڵیاوێ دەبێ.
شایانی باسە کە، بەپێی یاسای شارەوانییەکان، سەرپەرەستی بازاڕی میوە و تەڕەبارەکان، لە ئەستۆی ئەو شارەوانییەیە کە بازاڕەکەی لێیە و ئەمە لە کاتێکدایە کە لە شاری شنۆ بە بیانووی دوور لە شار بوونی ئەو مەیدانە تازەیە لە ئاوایی “ئالیاوێ” کە لە چوار کیلۆمیتری شاری شنۆ هەڵکەوتووە، کاربەدەستانی ڕێژیم بڕیاریان داوە داهاتی ئەو شوێنە لە شارەوانیی شنۆ وەربگرنەوە و بیدەن بە ڕێکخراوی هاریکاری شارەوانییەکانی پارێزگای ورمێ.