داواکاری گشتیی ڕێژیم لە مەهاباد وێڕای دژایەتیکردن لەگەڵ ئازادی بە مەرج و هەروەها مافی پێدانی مەرەخەسی بە “قادر محەممەدزاده” بەندکراوی سیاسیی کورد کە ١٦ ساڵە، بەبێ مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەیە، بە دایکی وتووە: “بڕۆ دۆعا بکە کە کوڕەکەت لەسێدارە نەدراوە.”
دایە “فاتمە محەممەدی مەرام”، تەمەن ٩٥ ساڵ و دایکی “قادر محەممەدزاده”، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بۆکان بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندیی داواکاری گشتیی ڕێژیم لە مەهاباد بۆ پێدانی مافی مەرەخەسی بە کوڕەکەی، سەردانی ناوبراوی کردووە کە جارێکی دیکە داوای ئەم دایکە بەساڵاچووە، لەلایەن ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمەوە ڕەتکراوەتەوە.
“پوورئەکبەر”، داواکاری گشتیی ڕێژیم لە مەهاباد لە وڵامی داواکاریی دایە فاتمە بۆ پێدانی مەرەخەسی بە کوڕەکەی، بە ناوبراوی وتووە کە قادر هیچ کات مافی مەرەخەسی پێ نادرێت و دەبێ هەتا کۆتایی سزاکەی کە ٢٠ ساڵ بەندکرانە، لە بەنەیخانە بمێنێتەوە.
داواکاری گشتیی ڕێژیم لە مەهاباد لە درێژەدا بە دایە فاتمی وتووە: “بڕۆ دۆعا بکە کە قادر لەسێدارە نەدراوە، کوڕی ئێوە دژایەتی لەگەڵ خودا کردوە و دەبێ تاوانەکەشی بدات.”
“قادر محەممەدزاده” پێشتر بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پشتگوێخرانی داوای مەرەخەسی، بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد مانی لەخواردن گرتبوو.
شایانی باسە کە “قادر محەمەدزاده” ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٨٤ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر و دوای چەند مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازراوە؛ ناوبراو دوای ١٥ مانگ لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهاباد بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خودا لە رێگەی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری ڕێژیم، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا کە ئەو سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گۆڕدرا.