مامۆستا “مەلا حوسێن محەممەدئەمینی” مامۆستای ئایینی و نیشتمانپەروەری شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ۱٥ی سەرماەزی ۱٤۰۰ی هەتاوی، مامۆستا “مەلا حوسێن محەممەدئەمینی” ناسراوە بە “شێخانی” کە یەکێک لە مامۆستایانی ئایینی و نیشتمانپەروەری شاری شنۆ بوو، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو لەگەڵ ئەوەیکە مامۆستایەکی ئایینی و نیشتمانپەروەر بوو، جێگای متمانەی زۆربەی خەڵکی ئەو ناوچەیەش بووە و خەڵک ڕێزێکی زۆریان لێدەگرت. مامۆستا مەلا حوسێن محەممەدئەمینی کوڕی خوالێخۆشبوو مەلا شێخ محەممەد، لە ساڵی ۱۳۱۸ لە گوندی خورشت سەر بە شاری شنۆ لە بنەماڵەیەکی ئایینی و نیشتمانپەروەر لە دایک بووە.
مامۆستا مەلا حوسێن لە ناوچەکانی سندووس، لاجان، پیران، مەنگووڕایەتی، سوێسنایەتی، دەشتەبێڵ، مەرگەوەڕ و مزگەوتی حاجی نووری شاری هەولێر دەرسی ئایینی خوێندووە و لە خزمەت زۆربەی مامۆستا و زانایانی ئایینی ناوداردا درێژەی بە خوێندن داوە. لە ساڵی ۱۳٤٥ی هەتاوی لە گوندی دزەی مەرگەوەڕ لەلایەن حاجی مامۆستا مەلا مەحموودی وەڵزی، ئیزنی مەلایەتی و وانەوتنەوەی ئایینی پێدراوە و تا ئەو کاتەی ماڵاوایی لە ژیان کردووە سەرقاڵی وانەوتنەوە و خزمەت بە خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک بووە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، بەبۆنەی کۆچیدوایی مامۆستا مەلا حوسێن، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و هەموو خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە هاوخەمیان دەزانین.