پاش هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، گوشار بۆسەر مزگەوت و ناوەندە ئایینییەکانی سوننە مەزهەبەکان لە بەلووچستان ڕوو لە زیادبوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، هێرشیان کردۆتە سەر مزگەوتێک و ناوندێکی ئایینی لە شاری جالق و پاش هێرشەکەیان کارەبای ئەو ناوەندە ئایینییەیان بە تەواوەتی پچڕاندووە.
جێگای ئاماژەیە کە حەوتووی ڕابردووش بەرپرسانی کۆمپانی نەوت سەردانی هەموو مزگەوت و ناوەندە ئایینییەکانیان لە سەراوان کردووە و بەرپرسانی کۆمپانی نەوت بە بیانووی کەڵکوەرگرتن لە سپلیت، نەوتی هەموو مزگەوت و قوتابخانە ئایینییە سوننەکانی ئەو شارەیان بڕیوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی چالاکانی بەلووچدا هاتووە کە یاسر ڕۆستەمی، بەرپرسی کۆمپانی نەوتی سەراوان، پاش بڕینی نەوتی مزگەوت و قوتابخانەکانی ئەو شارە بێڕێزی زۆری بە ڕووحانییە سووننەکانی ئەو شارە کردووە.
شایانی باسە کە پاش بە دەسەڵات گەیشتنی، ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، گوشارەکان بۆسەر دانیشتووانی بەلووچستان بە تایبەتی خەڵکی سوننە ڕوو لە هەڵکشانە و بە بیانووی جۆراجۆر بەردەوام لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیم لەو ناوچەیە بێڕێزی بە خەڵک، مزگەوت و ناوەندە ئایینییەکان دەکرێ.