وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان دەڵێ: ئێمە هەموو پێشنیارەکانی هەیئەتی ئێرانیمان بە وردبینییەوە چاو لێکردوە و گەیشتووین بەو ئاکامەی کە ئێران هەموو ئەو ڕێکار و ڕێککەوتنانەی ٦ خولی پێشووی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەنی ڕەتکردوەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە پێشنیارەکانی تیمی دانوستانکاری ئێران لەلایەن ئێمەوە قەبووڵ ناکرێ و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێمە و هەموو وڵاتانی جیهان دەمانهەوێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کێشەکانمان لەگەڵ ئێران چارەسەر بکەین و لەهەمان کاتدا هۆشداری دا کە کات بۆ ئێران ڕوو لە کۆتاییە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: پێشنیارەکانی ئێران یارمەتی بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەرکەوتوو ناگەیەنێ و ئێمە چاوەڕوانین کە هەیئەتی ئێرانی پاش قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی تاران بە پیشنیارگەلێکی دروست و چارەنووسسازەوە بگەڕێتەوە بۆسەر مێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.
ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئاڵمان پاش ئەوە کراوە کە وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بە پشتگیری لە پێشنیار و داواکارییەکانی تیمی دانوستانکاری ئێران لە ڤییەن، وڵاتانی ئورووپایی بە کات بەفیڕۆدان تۆمەتبار کردبوو.