لە پەردیسی سینەمایی بەهمەن لە شاری سنە پێشانگایەك بۆ بەرهەمە دارینەكانی مامۆستا عوسمان نیك مەنیش كرایەوە.
لەم پێشانگایەدا نوێترین بەرهەمەكانی مامۆستا نیك مەنیش لە دوو بەشی نیگاركێشیی هەڵکۆڵینی دار و “حەجمەكانی دار” خرایە بەر چاوی هۆگرانی ئەم هونەرە.
عوسمان نیك مەنێش لە دایك بووی ساڵی ١٣٣٣ لە گەڕەكی قەتارچیانی شاری سنە، لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستی بە كاری هونەری كردوە و لە بوارەكانی نیگاركێشی و پەیكەرتاشییەوە چالاكی كردووە و تا ئێستا زیاتر لە ٦٠ پێشانگای بە تاك و بەكۆمەڵی لە دەرەوەی وڵات و لە نێوخۆی ئێران وەك تاران، قێشم، كیش، تەورێز، مەهاباد، شیراز، ئیسفەهان، سنە، سەقز کردۆتەوە. هەروەها لە باشووری كوردستانیش لە شارەكانی سلێمانی، هەولێر، دهۆك، حەڵەبجە و هەروەها لە وڵاتی ئیسپانیاش چەند پیشانگایەکی کردۆتەوە.
مامۆستا نیك مەنێش تا ئێستا بە هۆی چالاكییە بەربڵاوە هونەرییەكانی خۆی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات چەندین لەوحی ڕێزلێنان، دیپڵۆمی شانازیو خەڵاتی جۆربەجۆری پێ بەخشراوە.
شایانی باسە كە پێشانگای بەرهەمە دارەكانی مامۆستا عوسمان نیك مەنیش لە شاری سنە تا ڕێكەوتی ١٢ی خاكەلێوە كراوە دەبێ.