پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی “عەبدوڵا حوسێنپوور” ناسراو بە عەبدوڵای مام عەلی، خەلكی گوندی “نواوێ”ـی ناوچەی ڕەبەت، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، مام عەبدوڵا حوسێنپوور، تێکۆشەر و پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە گوندی “نواوێ”ـی سەر بە ناوچەی ڕەبەت، بەهۆی نەخۆشییەوە دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مام عەبدوڵا لە بنەماڵەیەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەردا لە دایک بوو و لە تێکۆشانی پڕشکۆی ساڵەکانی ٤٦و٤٦ـی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات، هاوکارێکی دڵسۆزی کادر و فەرماندەکانی حیزب بووە و چەند جارێک سەردانی کردوون و ئەرک و ڕاسپاردەکانی حیزبی وەکوو ئەندامێکی دلسۆز ڕاپەڕاندوون و لەدوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی کردووتە شان و بە دڵسۆزییەوە ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی بەڕێوە بردووە.
هەروەها ناوبراو، بۆ ماوەی چەند ساڵێک وەک تێکۆشەرێکی ئەرکوەخۆگر پێشمەرگایەتی کردووە، دواتر بەهۆی دۆخی ژیانەوە لەسەر ئیزنی حیزب گەڕاوەتەوە نێو بنەماڵەکەی و تا کاتی ماڵاوایی لە ژیان وەک کەسێکی دڵسۆز وخەمخۆری حیزبەکەی ماوەتەوە و هاوکار و پشتیوانی تێکۆشەرانی حیزبەکەی بووە و لە هیچ هاوکارییەک بۆ حیزبەکەی درێغی نەکردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچیدوایی مام عەبدوڵا سەرەخۆشی لە بنەماڵە سەربەرزەکەی و هەموو کەسوکاری و سەرجەم خەڵکی شۆڕشگێڕی گوندی نواوێ و ناوچەی ڕەبەت دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.