ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا ملهۆڕییەکانی خۆی زیاتر پەرە پێ دەدات و ئەمەش نیگەرانیی یەکیەتیی وڵاتانی عەرەبی لێ کەوتووەتەوە.
ڕێژیمی ئێران لە درێژەی سیاسەتە ئاژاوەگێرانەکانی خۆی لە جیهان و بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر پەرە بە ملهۆڕییەکانی دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش گرووپە میلیشیا تیرۆریستییەکانی زیاتر تەیار کردووە؛ ئەم هەوڵانەی ڕێژیم نیگەرانیی یەکیەتیی وڵاتانی عەرەبی لێ کەوتووەتەوە و یەکیەتیی وڵاتانی عەرەبی ئەو ڕێژیمەی بە هۆکار و سەرچاوەی ناسەقامگیریی ناوچەکە و بەتایبەت شاڕییە ئاوییەکانی ناوچەکە لەقەڵەم داوە.
لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی “دەیلی نیوز”ی وڵاتی میسر، ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە “ئەحمەد ئەبووئەلغیت”، سەرۆکی یەکیەتیی وڵاتانی عەرەبی لە کۆنفرانسی ساڵانەی “وتووێژەکانی دەریای ناوەڕاست لە ڕەم” کە بە بەشداریی “ڕافائێل گەڕووسی”، سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ئەتۆمی بەڕیوە چوو، ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای ئەو گرووپە ملیشیایانەی کە پاڵپشتیی ماڵییان دەکات، دەیهەوێت بە تەواوەتی دەست بەسەر گەرووی “هورمۆز” و گەرووی “بابولمەندەب”دا بگرێت.
سەرۆکی یەکیەتیی وڵاتانی عەرەبی، وێڕای ئەوەی کە لە بەشێکی قسەکانی خۆی لەو کۆنفرانسەدا ڕێژیمی ئێرانی بە بکەرەی کردەوە تیرۆریستییەکەی سەر بنکە و دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی عەرەبستان لە ٢٣ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی، دەستنیشان کرد، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ڕێژیمە بە هاندانی حووسییەکانی یەمەن بۆ هەڕەشەکردن لە پاپۆڕەکانی سەر دەریای سوور هەوڵ دەدات نائارامی و ناسەقامگیریی زایاتر لە ناوچەکە و بەتایبەت لەسەر ئاوەکان دروست بکات.
ناوبراو ڕۆژێک پێش ئەو کۆنفرانسەش لە بەیاننامەیەکدا کە یەکیەتیی وڵاتانی عەرەبی بڵاوی کردبووە، راێگەیاندبوو کە ئارامی و سەقامگیریی لەسەر ئاوەکانی ناوچەکە و ئاسایشی پاپۆڕەکانی سەر ئاوەکان و بەتایبەت لە گەرووی “هورمۆز ” و “بابولمەندەب” گرینگییەکی جیددی و پێویستە بۆ ئابووری جیهان، ڕێژیمی ئێران بە ئاشکرا دەیهەوێت بە دەستبەسەرداگرتن و دەستێوەردانی وڵاتانی عەرەبی، نائارامی لە ئاوەکانی ناوچەکە و بەتایبەت کەنداودا دروست بکات و بەو شێوەیەش هەڕەشە لە ئاسایش و هێمنی دراوسێیەکانی و وڵاتانی ناوچەکە دەکات.