وەزیری بەرگری و بەرپرسی “مووساد”ـی ئیسرائیل، بە مەبەستی هاندانی ئەمریکا بۆ هەنگاوی سەربازی بەدژی ئێران سەردانی واشینگتۆنیان کردووە.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل و بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی “مووساد”ـی ئەو وڵاتە، بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرزی سەربازیی ئەمریکا سەفەریان بۆ ئەو وڵاتە کرد و هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەمریکا بۆ هەنگاوی کردەیی سەربازیی بەدژی ڕێژیمی ئێران هان بدەن.
بەپێی هەواڵی “کاناڵی ١٢”ـی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، بێنی گانتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و داوید بێرنەعا بەرپرسی مووساد، سەفەریان بۆ واشینگتۆن کردووە و دەیانهەوێ لەو سەفەرەدا لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرزی سەربازیی ئەمریکا لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وتووێژ بکەن و هەوڵی ئەوە دەدەن کە بەرپرسانی ئەمریکایی هان بدەن کە هەنگاوی کردەیی سەربازیی بەدژی ڕێژیمی ئێران هەڵگرن و بەرپەرچی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بدەنەوە.
بێنی گانتس و داوید بێرنەعا، لەماوەی چاوپێکەوتنەکانی ئەو حەتوویەی خۆیاندا لە واشینگتۆن لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرزی دەولەتی “جۆ بایدێن” بۆ بەڕێوەبردنی هێرشی سەربازیی لەلایەن ئەمریکاوە بە ئامانجی گوشاری زیاتر بۆسەر ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی پێبەندی یاساکانی بووژانەوەی بەرجام بێ تەرکیز دەکەن و بەرپرسانی ئەمریکایی هان دەدەن کە گەڵاڵەی “پلانی بی” بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بخەنە بواری جێبەجێ کردنەوە.