لە درێژەی کەمپەینی زاگرۆسانەدا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵمەتی ئاوەدانیی ژینگە دەستی پێکرد و ژینگەدۆستان بەڵێنی پاراستنی ژینگەی نیشتمان، دووپات دەکەنەوە.
لە درێژەی کەمپەینی زاگرۆسانە بۆ پاراستنی ژینگە و ئاوەدانیی سروشتی کوردستان و زاگرۆس کە لە حەوتووەکانی ڕابردوودا ئەنجومەن و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان و گرووپ و ڕێکخراوە شاخەوانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایانگەیاندبوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چالاکانی ژینگەپارێزی و مەدەنی و گرووپ و ئەنجومەن و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات لە شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا چالاکیی ژینگەپاریزی و پاراستنی سروشتی کوردستانیان بەڕێوە بردووە.
لەم چالاکییانە و لەماوەی حەتووی ڕابردوودا، لە ناوچەکانی شاری پیرانشار لە چەندین شوێن و بەتایبەت لە گوندی “شنۆزەنگ” لەو هەڵمەتەدا بەشدارییان کرد و هەروەها شاخەوانانی گرووپی شاخەوانیی “هەڵو” بەسەر شاخەکانی “گەزگەسک” سەر بە شاری پیرانشار سەر کەوتن و لەو شاخانەدا تووی بەڕوو و گێوژ و “بی”یان چاند؛ لە درێژەی ئەم هەڵمەتەدا خەڵکی ناوچە و گوندەکانی شاری سەردەشت بە درێژاییی ٤٣ دۆنم لە سروشت و ژینگەی ئەو شارە، تووی بەڕوو و بادام و ئەرغەوان و گیاکانی تریان چاندووە.
هەر لە درێژەی ئەم کەمپەینەدا گرووپی شاخەوانان و ڕێکخراو و چالاکانی ژینگەپارێزیی شاری بۆکان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان لە شاخی “مێرقاز”ی گوندی “کانی ڕەش” تاکوو نزیک گوندی “باغچەکۆ” بە سروودی نیشتمانی، چالاکیی ژینگەیییان بەڕێوە برد و لە چەندین شوێن و ناوچەی دیکەی ئەو شارەدا خەڵک لە هەڵمەتی زاگرۆسانەدا بەشدارییان کرد؛ هەروەها ئەندامانی کەژوانیی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی پاژینی بانە، لە داوێنی کێوی “قەڵاڕەش”ی گوندی “ڕەشەقەڵات” و لە چەندین شوێنی تر بەڕوویان چاندووە.
هەر لەم پێوەندییەدا خەڵکی ژینگەدۆستی شارستانی سەقز و شاری ساحێبی سەر بەو شارستانە، بنکەی ژینگەپارێزانی سەقز، ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی نیشتمان لە ساحێب، لە چالاکییەکی هاوبەش و لە چەندین شوێن و شاخی سەقز و ساحێب و بەتایبەت لە شاخی “ملەی مەحمووئاوا” بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کردووە.
لە شاری مەریوان، گرووپی شاخەوانیی “کۆیار” و ئەندامانی یانەی فەرهەنگیی وەرزشی “ڕاهیاب مللەلی مەریوان” لە چەندین شوێن و ناوچەی ئەو شارە و هەروەها منداڵانی فێرخوازی بنکەی فێرکاریی مۆسیقای “فلارموونیکـ”ـی شاری مەریوان، بە سروودی “خوایا وەتەن ئاوا کەی” و قوتابییانی قوتابخانەی گوندی “ولەژیر”ی سەر بەو شارە، بە دروشمی “ژینگەپارێزین و خۆڕاگر” لەم هەڵمەتەدا بەشدارییان کرد و تووی بەڕوویان چاندووە.
لە ناوچەی لەیلاخ، گرووپەکانی شاخەوانیی “ئاگری” و “زاگرۆس” و ڕێکخراوی کۆمەڵایەتیی ژیار، لە چالاکییەکی هاوبەشدا لەسەر کێوی “شاخەچەرموو”، هەروەها خەڵک و بەتایبەت چالاکانی ژینگەپارێزی گوندی “یەخیکەماڵ”ی سەر بە شاری دێولان، لە شاخەکانی ئەو ناوچەیەدا بە چاندنی “لۆ”، “کەما”، “خاشە” و گوڵ و گیاکانی تر، بۆ دووهەم جار هەڵمەتەکەیان بەڕیوە برد.
هەر لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا لە شاری ڕوانسەر، گرووپی شاخەوانیی “ساناوی ڕوانسەر” لە کێوەکانی دەوروبەری ئەو شارە و بەتایبەت لە شاخی “یەڵەوەر”دا بە چاندنی بەکۆمەڵی دەنکە بادام و قەزوان و بەڕوو بەشدارییان کرد؛ هەروەها ئەنجومەن و ڕێکخراو و گرووپ و چالاکانی ژینگەپارێزی و خەڵکی شاری پاوە و شارۆچکەی بایەنگان و ناوچەی هەورامانی سەر بەو شارە، بە چاندنی بەڕوو بەشداریی هەڵمەتەکەیان کرد.
شایانی باسە کە کەمپەینی هەڵمەتی زاگرۆسانە، ڕۆژی هەینی، ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی ئەنجومەن و ڕێکخراو و گرووپە شاخەوانی و ژینگەپارێزییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا.