دایە “ئایشێ شەمعی” دایکی شەهید “محەممەد پەردەدار” لە شاری سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دایە “ئایشێ شەمعی” دایکی شەهید “محەممەد پەردەدار” و هاورێی تێکۆشەر “خالید پەردەدار” دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە شاری سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە ئایشێ لە گوندی میر شێخ حەیدەر لە دایک دەبێ و هەر لەو گوندەش ژیانی هاوبەش پێکدێنێ و دواتر ماڵیان دەگوازنەوە بۆ شاری سەردەشت، دایە ئایشێ ژنێکی تێگەیشتوو و خەمخۆر و گەلدۆست بوو، دایکێکی دڵسۆز بۆ منداڵەکانی و بۆ هەموو ئەو کەسانە بوو کە لە نزیکەوە دەیانناسی، لە ئامێزی گەرمی دایکانەی خۆیدا، چەندین ڕۆڵەی تێکۆشەری پەروەردە کردن و بە گشتی لە پێناو ڕزگاری گەلی کورد دا کوڕەکانی بوونە پێشمەرگە و لە خەبات و تێکۆشان دا وەک کادر و فەرماندە خزمەتێکی زۆریان بە حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد.
لە درێژەی خەبات و تێکۆشان دا یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی “محەممەد پەردەدار” لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە یەکێک لە شەڕە گەورەکانی ناوچەی سەردەشت لە نێوان توژەڵ و نێوزەنگ، دوای شەڕێکی قارەمانانە شەهید بوو. شەهید محەممەد سەردەستەی دەستەی زەربەتی هێزی شەهید موعینی بوو کە بە دەیان جار زەربەی زۆر قورس و کاریگەری لە پەیکەری دوژمن دابوو و کاتێک هەواڵی شەهیدبوونی بڵاو بۆوە، خەمێکی گەورەی خستە نێو دڵی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت خەڵکی ناوچەی سەردەشت.
دوای بڵاوبوونەوەی شەهیدبوونی “محەممەد پەردەدار”، یەکێک لە براکانی بە ناوی “خالید پەردەدار” ناهێڵێ چەکی براکەی بکەوێتە سەر عەرز و دەبێتە پێشمەرگە و دواتر بە هۆی لێهاتوویی وەک فەرماندە و سەرپەل و کادری نێوشاری سەردەشت دیاری کراو و زۆر بوێرانە و قارەمانانە یەک دەیە وەک کادر و پێشمەرگە خزمەتی کرد و هەنووکەش وەک کەسێکی هەڵسوور و چالاک لە ئوسترالیا خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا.
دایە ئایشێ ژنێکی چاونەترس و بوێر بوو، هەر بۆیەش کوڕەکانی لە کاتی پێشمەرگایەتی دا لە ئازاترین پێشمەرگەکانی حیزب بوون، ئەوانەی لەگەڵ کوڕەکانی پێشمەرگە بوون شاهیدی بۆ بوێری و قارەمانەتی و هەڵمەتبەریان دەدەن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچیدوایی دایە ئایشێ سەرەخۆشی لە بنەماڵە سەربەرزەکەی و هەموو کەسوکاری و سەرجەم خەڵکی شۆڕشگێڕی ناوچەی سەردەشت دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.