خاتوو “چیمەن ڕووحانی”، خوشکی شەهید “ڕەشاد حوسێنی” شەهیدی حیزبی دێموکرات لە ئاوایی کاشتەر سەر بە شاری کامیاران ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، خاتوو چیمەن ڕووحانی کچی شێخ محەممەد، خەڵکی گوندی کاشتەر سەر بە شاری کامیاران و خوشکی شەهید ڕەشاد حوسێنی، لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد و لە ئاوایی کاشتەر بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
خاتو چیمەن یەکێک لەو ژنە تێکۆشەر و کوردپەروەرانە بوو کە هەردەم هاوکار و یارمەتیدەری پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات بوو.
برایەکی خاتوو چیمەن بە ناوی شەهید “ڕەشاد حوسێنی” لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشمەرگە بووە و وەک ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات ئەرکە حیزبی و نەتەوەییەکانی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ڕاپەڕاندووە؛ شەهید ڕەشاد حوسێنی لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا، لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی، لە بەندیخانەی سنە لەلایەن جەللادانی ڕێژیمەوە لەسێدارە درا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی حیزب و گەل بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی خاتوو چیمەن ڕووحانی و خزم و کەسوکاری و خەڵکی گوندی کاشتەر و خەڵکی شۆڕشگێڕی ناوچەی کامیاران دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.