کتێبخانەی ژمارە یەکی شاری سەقز کە شوێنێکی گشتی و فەرهەنگیی ئەو شارەیە بەهۆی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە گیرۆدەکردنی لاوان بە ماددەی هۆشبەرەوە، بووە بە شوێنێکی ئەمن بۆ فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر لەلایەن مۆرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە.
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ڕێژیمی ئاخوندی، ئەو دەسەڵاتە دژیگەلییە هەوڵی داوە لاوانی کورد بەرەو قەیرانی شوناس و کاری لاوەکی ببات و بیروهۆشی لاوانی وڵات بە خەسارە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرقاڵ بکات؛ یەک لەم پیلانە قیزەونانەی ڕێژیم، گیرۆدەکردنی خەڵکی کورد بەگشتی و لاوان بەتایبەتی بە ماددەی هۆشبەرە کە لە ئێستادا فرۆشیار و بەرهەمهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە هاوکاری و پشتیوانیی مۆرەکانی سپا و ئیتلاعات خەریکی بڵاوکردنەوە و گیرۆدەکردنی خەڵک و لاوانی کورد بە ماددەی هۆشبەرن و بە ئاسانی ئەم ماددە هۆشبەرانە دەخەنە بەردەستی خەڵک و لە هەر کات و ساتێکی ڕۆژ کە بیانهەوێ بەبێ هیچ کێشە و گرفتێک ماددەی هۆشبەر ئامادە و بڵاو دەکەنەوە.
بەپێی وتەی شایەتحاڵان، کتێبخانەی ژمارە یەکی شاری سەقز کە شوێنێکی گشتی و فەرهەنگیی ئەو شارەیە بەهۆی کارئاسانی مۆرەکانی سپا و ئیتلاعات، بووە بە شوێنێکی ئەمن بۆ فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر لەلایەن کەسانی نیشتمانفرۆشەوە.