بەرپرسێکی پلەبەرزی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوای بێئاکام مانەوەی دەورەی حەوتەمی وتووێژە ناوکییەکان لە ڤییەن، وتی: ئەگەری سەپاندنی گەمارۆی زیاتر بۆسەر ڕێژیمی ئێران لە ئارا دایە.
دوای تەواوبوون و بێئاکام مانەوەی خولی حەوتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ئێران لە ڤییەن پێتەختی ئوتریش، بەرپرسێکی پلەبەرزی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆڕی ڕۆژنامەنووساندا، باسی لە ئەگەری زیاترکردنی گەمارۆکان بۆسەر ڕێژیمی ئێران کرد و وتی: “ئێران لە دەوری حەوتەمی وتووێژە ناوکییەکان، هەندێک پێشنیاری کردووە کە هەموو ئەو شتانەی کە پێشتر لە سەری ڕێککەوتبووین و هەموو ئەو مژارانەی کە لە شەش مانگی ڕابردوودا هاتبوونە بەر باسی هەڵوەشاندۆتەوە و تازە بە تازە هاتووینەوە بۆ خاڵی دەستپێکی وتووێژە ناوکییەکان لە ٦ ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران.