سەرۆککۆماری فەرانسە لە عەرەبستان وتی: بەبێ سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە، بە هیچ شێوەیەک باس لە پەروەندەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران ناکەین.
ڕۆژی شەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەمانوئێل ماکڕۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە سەفەری بۆ شاری “جددە”ـی وڵاتی عەرەبستان کرد و لەلایەن محەممەد بن سەلمان، جێنشینی شای ئەو وڵاتە پێشوازی لێ کراوە و پێکەوە لەسەر بارودۆخی ناوچەکە کۆبوونەوەیان بەڕێوە برد و ماکڕۆن وتی: “بەهیچ شێوەیەک باس لە پەروەندەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی ناکرێ تا ئەو کاتەی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە پارێزراو بێ، لەبەر ئەوەی ڕێژیمی ئێران هۆکاری ئاڵۆزکردنی دۆخی ناوچەکەیە.
هەروەها ناوبراو باسی لەوەش کرد کە، پیشنیاریان بە هاوپەیمانانی خۆیان بەتایبەت عەرەبستان کردووە کە بەشداری لە دانوستانەکانە ناوچەییدا بکەن و پێشتریش باسی لە زەروورەتی بەشداریی عەرەبستان و ئیسرائیل لە دانوستانە ناوکییەکاندا کردبوو، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئەو پێشنیارە بە توندی دژایەتی خۆی دەربڕی بوو و ئێستاش هەر سێ وڵاتی ئیسرائیل، فەرانسە و عەرەبستان سوورن لەسەر ئەوەیکە بەرپەرچی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆسەر ناوچەکە بدەنەوە.