دایە “هاجەر عەبدوڵاپوور”، دایکی شەهید “قادر ڕەحیمی” بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە “هاجەر عەبدوڵاپوور” دایکی شەهید” قادر ڕەحیمی” و خۆشکی هاوڕێی تێکۆشەر و کادری بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک “فەتاح عەبدوڵاپوور”، لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە هاجەر عەبدوڵاپوور، خەڵکی گوندی قەرەگۆل سەر بە ناوچەی مەهاباد لە بنەماڵەیەکی شوڕشگێڕ و دێموکراتدۆستدا ژیاوە و بەهۆی خۆشەویستییەکەی بۆ گەڵ و نیشتمان جگەرگۆشەیەکی بە ناوی شەهید” قادر ڕەحیمی” پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کردووە.
شەهید قادر ڕەحیمی، پێشمەرگەیەکی ئازا و چاونەترسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە کە لە ساڵی ٦٤ی هەتاوی لە شەڕێکدا گیانی ئازیزی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان دەکات و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو دەبێ.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی دایە “هاجەر عەبدوڵاپوور”، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و هەروەها هاوڕێی تێکۆشەر کاک “فەتاح عەبدوڵاپوور” دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.