بایەخنەدانی بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە داخوازییەکانی ژنانی بەندکراو لە بەندی ژنان، بووەتە هۆی ناڕەزایەتی و ئاگردانی پەتووەکانی بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی، ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، ژنانی بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە هۆکاری بایەخنەدان و گوێنەدانی بەرپرسانی ئەو بەندیخانەوە بە ویست و داخوازییەکانیان، ناڕەزایەتییان دەربڕی و بەشێک لە پەتووەکانی بەندیخانەیان ئاگر تێ بەردراوە کە دوای دەستێوەردانی هێزەکانی ڕێژیم توندوتیژی لێکەوتەوە.
لە بەشیک لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هێزە سەرکوتکەرەکان بەشێک لە بەندکراوانیان داوەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە و “بەخشی”، بەرپرسی بەندیخانە و “بوداغی” بەرپرسی بەشی بەندی ژنان، ژمارەیەک لە ژنە ناڕازییەکانیان ناچار کردووە کە بە شێوەی نوسراوە بەڵێننامە پڕ بکەنەوە کە چی دیکە لە هیچ ناڕەزایەتییەک بەشدار نەبن.
داوی ئەوەی کە کەسێک بە ناوی “سوهرابی”، بەرپرسی پێشووی ئەو بەندیخانەیە گۆڕدراوە و کەسێکی تر بە ناوی “بەخشی” هاتووەتە جێگای، ئەو بەرپرسە نوێیە بیانووی ئەوەی لە ژنان گرتووە کە لە پۆلەکانی فێربوونی قورئاندا بەشداریان نەکردووە، ئەمەش ناڕەزایەتی لە بەندی ژنان لێ کەوتووەتەوە و دواتر گوشاری زۆر خراوەتە سەر ژنان و مافەکانیان بەرتەسک کراوەتەوە و کەشێکی نالەباریان بۆ ژنانی بەندکراو پێکهێناوە.
لە دوای گۆڕانی بەرپرسی ئەو بەندیخانەیە، کاتی هەواخۆری بۆ ٢ کاتژمێر لە ڕۆژدا کەم کراوەتەوە و پێوەندیی تەلەفۆنی بووەتە ٤ ڕۆژ یەک جار، هەروەها بەندکراوان ناتوانن سەردانی ژوورەکانی یەکتر بکەن.
بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ کە بە بەندی ١٥ ناسراوە، ٤ ژووری هەیە کە هەر ژوورێک ٣٦ تەختی نوستنی تێدایە و ئامێری گۆڕینی هەواشی تێدا نییە.
هەر چەند ئەم چوار ژوورە سەرجەم ١٤٤ تەختی نوستنیان هەیە، بەڵام زیاتر لە ٣٣٠ بەندکراو لەو ژوورانە ڕاگیراون و بەهۆی نەبوونی ئامێری گۆڕینی هەوا لە ژوورەکان و کەمبوونی کاتی هەواخۆری، دۆخێکی زۆر خراپ و نالەبار بۆ ژنانی بەندکراو خولقێندراوە.